نێچیرڤان بارزانی و وەزیری بەرگریی کەنەدا ھەماھەنگیی دوولایەنە تاوتوێ دەکەن

نێچیرڤان بارزانی و وەزیری بەرگریی کەنەدا ھەماھەنگیی دوولایەنە تاوتوێ دەکەن



پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ "نێچیرڤان بارزانی" سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، پێشوازی لە "ھارجیت ساجان" وەزیری بەرگریی کەنەدا و شاندێکی یاوەری کرد.



لە دیدارێکدا ساجان خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی ھەرێمی کوردستان دەربڕی و دەستخۆشی لە خەڵک و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کرد کە لەو بارودۆخە سەختەی ڕووبەڕوویان بووەتەوە، خۆڕاگر بوونە و لەڕووی سەربازی و مرۆییەوە پێشوەچوونی باشیان بەدەست ھێناوە. سوپاسی پێشمەرگەشی کرد کە لەگەڵ پسپۆڕانی مەشق و ڕاھێنانی کەنەدی ھاوکارییەکی باشیان ھەیە و ئامادەییی وڵاتەکەیشی بۆ دابینکردنی ھاوکاریی پێویست، نیشان دا.



سەقامگیریی ھەرێمی کوردستانیشی بە ھاندەرێکی باش بۆ وەبەرھێنەرانی بیانی زانی کە ڕوو لە ھەرێمی کوردستان بکەن و وەبەرھێنانی تیادا ئەنجام بدەن و حکوومەتی کەنەداش لەمباریەوە دەتوانێت وەبەرھێنەرانی ھان بدات. تیشکیشی خستە سەر پلانێکی گشتگیر بە بەشداریی ھەموو لایەنەکانی عیراق و نێودەوڵەتی بۆ قۆناغی دوای ئازادکرنەوەی مووسڵ تاکو سەقامگیری لە ناوچەکە دروست بێت و متمانە بۆ خەڵکی ناوچەکە بگەڕێتەوە.



لای خۆیەوە سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و ھاوکارییە سەربازی و مرۆییەکانی کەنەدای بۆ ھەرێمی کوردستان کرد و ھەماھەنگیی نێوان پێشمەرگە و پسپۆڕانی مەشق و ڕاھێنانی کەنەدی بەرز نرخاند، ھەروەھا ھیوای خواست ھاوکارییەکانیان بۆ ھەرێمی کوردستان بەردەوام بێت بەتایبەتی لەڕووی مرۆییەوە، چونکە دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی ئازادکرنەوەی مووسڵ ژمارەیەکی زۆرتری ئاوارە ڕوویان لە ھەرێمی کوردستان کردووە و ھاتنیشیان بەردەوامە.



دەربارەی پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغداش، ئاشکرای کرد کە لەڕووی سەربازییەوە ھەماھەنگییەکی زۆر باش لە نێوان ھەردوولادا ھەیە و بەردەوامیی ئەم ھەماھەنگییەشی دووپات کردەوە. سوپاسی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ھاوپەیمانیشی کرد بۆ ھاوکارییە مرۆییەکانیان لە ڕابردوودا و ھیوای خواست لە داھاتووشدا بە ھەمان شێوە ھاوکار بن، ھەروەھا بە پێویستی زانی پلانێکی گشتگیری سیاسی بۆ قۆناغی دوای ئازادکرنەوەی مووسڵ و گەڕاندنەوەی متمانە و ئاسایش بۆ ھاووڵاتیانی دەڤەرەکە و شادبوونیان بە زێدی باب و باپیرانیان، ھەبێت.



سەبارەت بە دەرفەتی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان، جەختی لەوە کردەوە کە ڕەوشی ھەرێمی کوردستان سەقامگیرە و دەرفەتی وەبەرھێنان لە ئێستا و لە داھاتوودا ھەیە بە شێوەیەک ئەم دەرفەتە لە ھەرێمی کوردستانەوە بۆ ھەموو بەشەکانی دیکەی عیراق بگوازرێتەوە و لەمبارەیەشەوە دەکرێت ھەر لە ئێستاوە زەمینەسازی بکرێت. داوای لە شاندی میوانیش کرد کۆمپانیا کەنەدییەکان ھان بدەن تاکو لە ھەرێمی کوردستان وەبەرھێنان بکەن.
payamner-
Top