ئەندامێکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی: لەگەڵ زوو چارەسەرکردنی کێشەکانین
دڵشاد شەھاب لە ھەفپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو رایدەگەیەنێت: "بە بۆچوونی چاودێرانی دۆخی ھەرێمی کوردستان، تاکە خاڵی لاوازی ئێمە ئەو پەرتەوازەییەیە کە لەنێوان لایەنەکاندا ھەیە".
دڵشاد شەھاب دەڵێت ئەو بەستەڵەکەی لەنێوان پارتی و گۆڕاندا ھەبوو نەماوە و لە قۆناغی پچڕانی پەیوەندییەکانەوە چووینەتە قۆناغی گفتوگۆکردن لەگەڵ یەکتر.
سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی حزبەکەیان لەگەڵ ھەریەک لە یەکێتیی نیشتمانیی و بزووتنەوەی گۆڕان و بزووتنەوەی ئیسلامی لە شاری سلێمانی، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، دڵشاد شەھاب لە ھەفپەیڤینێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لە وردەکاریی دانیشتنەکان کرد و گوتی: "بێ شک جیاوازییەک ھەیە لە شێوازی مامەڵەکردن لەبەر دوو ھۆکار، یەک ئێمە و یەکێتیی کۆمەڵێک موشتەرەکاتی پێکەوە کارکردنمان ھەیە و ئێستاش بەشی زۆر تەحەمولکردنی حوکمڕانی ھەرێمی کوردستان لەسەر ئەستۆی پارتی و یەکێتییە بۆیە بێ شک تەعامولکردن لەگەڵ یەکێتی تایبەتمەندی خۆی ھەیە بۆھەر بابەتێک کە ھەن، نەخاسما بۆ ئەو بابەتانەی کە ئیستا ھەن، لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕانیش بەو پێیەی زیاتر لە ساڵێکە ئەو لێ دوورکەوتنە سیاسیەی کە لە ھەرێمی کوردستاندا ھەبووە، بەتایبەتی لەنێوان پارتی و گۆڕان ئەوەش جۆرێک لە تایبەتمەندی بە دانیشتنەکە داوە، چونکە ئێمە لە بچڕانی پەیوەندییەوە چووینە قۆناغێکی وەھا کە گفتوگۆ لەگەڵ یەکتر بکەین و راگۆڕینەوە لەسەر چۆنیەتی جێبەجێکردنی پەیامەکەی جەنابی سەرۆکی ھەرێم بکەین، بۆیە بە تێڕوانینی من بە دڵنیاییەوە جیاوازییەک دەبێت نەک لەوەی کە ئێمە بە زمانێک لەگەڵ لایەنەکانی دیکە قسە بکەین و شتێکی دیکەمان بۆ ئەوان پێ بێت، بەڵام بە دڵنییایەوە ھەر حزبێک تایبەتمەندی خۆی ھەیە و شێوازی پەیوەندی پارتی لەگەڵ ھەر حزبێکێکدا جیاوزی ھەیە لەگەڵ حزبێکی دیکە".
لەبارەی پڕۆژەی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بۆ شاندی پارتی وەکو لە بەشێک لە راگەیاندنەکان باسیان لێوە کرد، دڵشاد شەھاب کە ھاوکات ئەندامی شاندی دانوستانکاری پارتیشە لەگەڵ لایەنەکان، گوتی: "مۆدێلێک دروستبووە کە بابەتی پڕۆژە و پڕۆژەکارییە بە دیتنی من بابەتێکی ئیعلامییە زیاتر لەوەی کە لەسەر ئەرزی واقیعدا حەقیقەتێکی بۆ ھەبێت، چونکە کاتی خۆی ئەم مۆدێلە لەسەر ھەمواری یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم ھاتە کایەوە، رەنگە ئەو کات تێڕوانینێک لەسەر ئەم بابەتەدا ھەبووبێت لە بارەی شێواز و چۆنیەتی ھەموارکردنەوەکە، ئەمە بابەتی دانوستانە، دانوستان لەسەر شێوازی جێبەجێکردنی دەستپێشخەریەکە، واتا ئەوەنییە کە ئێمە شتێک خەڵق دەکەین، دەستپێشخەرییەک ھەیە کە جەنابی سەرۆک رایگەیاندووە کە ئەو پرسانەی لەخۆی گرتووە چارەسەر بکرێت، شێوازی چارەسەرکردنی پرسەکان دەبێت مەسەلەیەکی ھەمەلایەنە بێت، بۆ نموونە لەکاتی دانوستانەکانی پێکھێنانی کابینەی ھەشتەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کەس بە ئێمەی نەدەگوت پرۆژەی ئێوە چییە بۆ پێکھێنانی حکوومەت، ئێمە چووبووین پێیان بڵێین کە یاسا رێگەی بە ئێمەداوە بۆ پێکھێنانی حکوومەت بەپێی ئەوەی کە ئێمە لیستی براوەی یەکەم بووین، داوای داواکاری و بیروبۆچوونی ئەوان لەسەر بەرنامەی حکوومەت بۆچوونەکانمان گۆڕییەوە و گەیشتینە بۆچوونێکی ھاوبەش و کابینەی حکوومەتمان راگەیاند ھەر لایەنە و بەپێی رێکەوتنێک بەشدارییان کرد".
گوتیشی: "ئێستاش چونکە دەستپێشخەرییەک لەئارادایە، بابەتەکە ئەوە نییە کە ھەریەکەمان شتێک دادەھێنین، لەچوارچێوەی ئەو دەستپێشخەرییە پێمان راگەیاندوون کە پارتی ئامادەیە بۆ گفتوگۆ و لەسەر رێگە چارەیەکی ھاوبەش قسە بکات، نەک ئەوەی کە ئێمە بڵێن ئەوە پڕۆژەی ئێمەیە و ئەوە پڕۆژەی ئەوان و ئەوە ھی ئەوەی تر، ئیجا دوو خاڵ لەمە ھەڵدەگرێت و چوار خاڵ لەوەی دیکە کەم دەکرێت، دیتنی ئێمە بۆ ئەم بابەتە رەنگە شێوازێکی گونجاو نەبێت، گونجاوترینی ئەوەیە لە ئەنجامی گفتوگۆکان لەگەڵ یەکتر بگەینە داڕشتنێکی ھاوبەش و بتوانین چارەی ئەم گرفتانە بکەین".
لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکان ئەندامەکەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی زیاتر قسەی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو کرد و گوتی: "دەتوانین بڵێن کە کۆبوونەوەکانی دوێنێ لە سلێمانی زیاتر تەشاوری بوو، ئەو بابەتانەی کە ماوەیەکە بوو ھەڵپەسێردرابوو لە نێوان لایەنەکان باسکرانەوە، مومکینە پێویست بکات زۆرتر لێکتێگەیشتن بۆ روونکردنەوەیەکی زیاتر و بیرو بۆچوونەکان و نیەتی ئێمە بۆ چارەسەکردنی ئەم پرسانە چییە، ئەو ھۆکارانەی وادەکات چۆن بیر بکەنەوە لای برادەرانی دیکەوە چین و چۆن سەیری ئەم چارەسەرییە دەکرێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە رێگە خۆشکەرێکی باش بوو ئەگەر لە ئایندەدا لە وردەکارییەکانیش قسە بکەین، سوودێکی باشی ھەبوو بۆ لێکتێگەیشتن و رووئیامان وازح بوو بەوەی کە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسەدا بکەین".
سەبارەت بەوەی کە لە ئێستادا یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بەسەر دوو باڵدا دابەشبوون و پەیوەندییەکانی پارتی و بزووتنەوەی گۆڕانیش گەیشتبوونە ئاستێکی بنبەست ئەمە واناکات کە کۆبوونەوەکان ماوەیەکی زۆر بخایەنێت، دلشاد شەھاب روونی دەکاتەوە: "مەرج نییە بەوەی کە بۆچوونی جیاواز ھەبێت کۆبوونەوەکان کاتی زۆرتریان بووێت بۆ ئەوەی بۆچوونەکان یەکبخرێن، گرنگ نییەتی مامەڵەکردنە، پارتی بڕیاریداوە بەچاوی بردنەوە و دۆڕاندن سەیری ئەم مەسەلەیە نەکات، نە خۆمان و نەکەس بە براوە بزانین و نە خۆمان و کەسی دیکەیش بەشی دۆڕان بێت لەو مەسەلەیە، بەپێچەوانەوە، ئێمە دەڵێین ھەموومان براوەین ئەگەر گەیشتینە ئەنجامێکی ئیجابی بەپێچەوانەشەوە ھەموومان دووچاری خەسارەتێکی گەورە دەبین، بەھەڵسەنگاندنی ئەو کەسانەی کە چاودێری دۆخی ھەرێمی دەکەن، پێیان وایە تاکە خاڵی لاوازی ھەرێمی کوردستان ئەو پەرتەوازییەیە کە لەنێوان لایەنەکاندا ھەیە، بۆیە ئێمە شتێک بە قوربانی نابینین ئەگەر لە پێناوی ئەوەدا ھەندێک نەرمی حزبیی بنوێنین یاخود بە واتایەکی دیکە تەنازولیشی بۆ بکرێت بەلای پارتییەوە ئاسانە، چونکە لە پێناو مەسەلەیەکی گەورەترە، بۆیە لەسەر شێواز و نییەتی ھەر لایەک دەوستێت، ئەوەی تاکو ئێستا ھەستمان پێیکردووە ھەموو لایەنەکان کۆکن لەسەر درککردن بە ھەستیاری بارودۆخەکە و ئامادەن بۆ ھاتنە پێشەوە، بۆ ھەنگاوەکان چاوەڕێی ئەوە دەکەین بزانین کە بیروبۆچوونەکان چۆن تەرجەمەی واقیعی عەمەلی دەکرێن، ئەوەی تاکو ئێستا ھەستمان پێکردووە بە بۆچوونی ئێمە ئەرێنییە و لە ئایندەشدا ھیوادارین باشتر ببیت".
سەبارەت بە شکاندنی بەستەڵەکی نێوان پارتی و گۆڕان و دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی نێوان ئەو دوولایەنە، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، دڵشاد شەھاب گوتی: "بەبۆچوونی ئێمە ئەو بەستەڵەکەی لە نێوان پارتی و گۆڕاندا ھەبوو شکاوە، بەڵام تا چەند خاوبووەتەوە، ئەوە بۆ قۆناغەکانی ئایندەی مامەڵەکردن لەگەڵ یەکتر یەکلایی دەبێتەوە، بەڵام پێشتر نە پارتی ئامادەبوو بەو شێوەیەی ئێستا بچێت سەردانی بزووتنەوەی گۆڕان بکات و نە بزووتنەوەی گۆڕان ئامادە بوو پێشوازی لە پارتی بکات و کار گەیشتبووە ئەوەی خەڵک بیر لەوە بکاتەوە کە نێوەندگیریمان بۆ بکات بۆ ئەوەی لە شوێنێک یەکتری ببینین، ئەمانە ھەمووی بە بڕیارێک نەمان، ئێستاش کە ئەو ھەنگاوە نراوە بەدڵنیاییەوە رێگە خۆش دەکات بۆ ئەوەی ھەنگاوی دیکە بنرێت و ھەنگاوی ئیجابی بەدوادا بێت".
دڵشاد شەھاب دەربارەی دیارییکردنی کاتێک بۆ ئەم گفتوگۆیانە، دەڵێت: "ئێمە حەز دەکەین ھەتا رۆژێک زووتر بتوانین ئەم پرسە یەکلایی بکەینەوە، چونکە ھەتا زووتر بێت ئەنجامی باشتر دەبێت بەسەر دۆخی ھەرێم و دواکەوتنیشی دەرئەنجامەکەی پێچەوانە دەبێت، بەتەنھا ھەموو شتەکان لای ئێمە نین، بۆیە دەبێت ھاوکاری و ھەماھەنگییەک ھەبێت لەسەر بەدەنگەوە ھاتنی لایەنەکان، بەڵام ئێمە بە پێچەوانەی ئەوەین کە دەگوترێت پارتی دیەوێت کات بکوژێت، پارتی چ سوودمەندە لەوەی کات بکوژێت، پاشان ئەگەر سووربوونی ئێمە نەبووایە لەسەر ھەستکردن بەو ئەرکە قورسەی لەسەر ھەموومانە و ئەو بارودۆخە ناخۆشەی کە ھەرێمی کوردستان پێیدا تێپەڕ دەبێت، بۆ نموونە ئەگەر پارتی مەبەستی کات کوشتن بووایە و سەردانی لایەنەکانی نەکردبایە خۆ لەو بارودۆخەی ئێستا خراپتر نەدەبوو، بەڵام ھەنگاونان بۆ ئەو مەسەلەیە خۆی شایەدێکی حەقیقییە لەوەی کە پارتی نە موقتەنیعە بەو وەزعەی کە ھەیە و نەدڵی پێخۆشە و نەحەزیش دەکات بەو شێوەیە بێت کە ھەیە، بە پێچەوانەوە پارتی ئارەزوو دەکات زووتر چارەسەری بۆ گرفتەکان بدۆزێتەوە".
لەبارەی سووربوونی پارتی و بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر داواکانیان کە پارتی سوورە لەسەر گۆڕینی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و بزووتنەوەی گۆڕانیش لەسەر یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم، دڵشاد شەھاب گوتی: "کە دەست بە گفتوگۆ دەکرێت ئومێدمان وایە توانیبێتمان ھەندێک لەو بیروبۆچوون و ناکۆکییانە بەجێبھێڵین، سەبارەت بە ھەمواری یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم، پارتی دژ نەبووە، لەو خاڵەدا پارتی پێیوایە زوڵمی لێکراوە، لە دوایین کۆبوونەوەی نێوان لایەنەکان، بەداخەوە دۆخەکە بەلایەکی دیکەدا بردرا و ھێرش کرایە سەر بارەگاکانی پارتی و کۆمەڵێک شتی دیکە کە پەیوەندی بەو دۆخەوە نەبوون رووی دا و ھاتنەکایەوە وەک ئەوەی وەرەقەی فشاربن بەسەر پارتیدا و بیانەوێت کارتێکی فشار لەسەر پارتی دروست بکەن، لەدوا کۆبوونەوەی پێنجقۆڵی نێوان لایەنەکان نزیکەی ھەشتا لەسەدی بیرەبۆچوونەکانی ئێمە بۆ ھەمواری یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم وەکو ئەو پڕۆژەیە بوون کە لایەنەکانی دیکە داوایان دەکرد، بۆ ھەموو ھەنگاوەکان ئامادەبووین و چووینە پێش".
ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و ئەندامی شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، دڵشاد شەھاب لە کۆتایی قسەکانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو تیشکی خستە سەر پرسی گۆڕینی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان ، لەوبارەیەوە گوتی: "پرسی گۆڕینی سەرۆکی پەرلەمان مەسەلەیەکی شەخسی نییە، بە بۆچوونی ئێمە سەرۆکایەتی پەرلەمان و بە تایبەتی سەرۆکی پەرلەمان لە قۆناغێکی ھەستیاری دۆخی ھەرێمی کوردستان کە شەڕی داعش بەرۆکی گرتبووین، کۆمەڵێک کێشە و گرفت بەرۆکی گرتبووین، سەرکەوتوو نەبوو لە لەپێشترێتی و بایەخی زیاتر دان و شێوازی مامەڵەکردن، نموونەش بۆ ئەو مەسەلەیە ئەوەیە کاتێک ھەموو حزبە کوردستانییەکان و پێکھاتەکان و ھەموومان رێککەوتین لەسەر ئەوەی کە تەنھا مۆڵەتێکی دوو سێ رۆژی بە لایەنەکان بدەین کە پەرلەمان کۆبوونەوەکانی خۆی دوابخات، جاری وا ھەبووە پەرلەمان لەبەر ھۆکاری زۆر ئاسایی، لەوانەیە لەبەر بۆنەیەکی زۆر ئاسایی، لەبەر بەشدارییکردن لە مەڕاسیمێکدا دانیشتنەکانی پەرلەمان دواخراوە، ئەگەر بۆ پرسێکی وەھا گەورە ئەگەر دوو رۆژ دانیشتنی پەرلەمان دواخرابایە بۆ ئەوەی دەرفەتێکی دیکە بە لایەکان درابایە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان بکەن چی دەبوو؟ ئەوجا خەڵکێک ئەمە مەودای بیرکردنەوەی بێت بۆ بەڕێوەبردنی وڵات بە بۆچوونی ئێمە زەحمەتە ئێمە ئەو موجازەفەیە بکەین و جارێکی دیکە بتوانین موقەداراتی ئەم وڵاتە بدرێتەوە دەستی بیرکردنەوەیەکی وا بچووک کە نەتوانێت مەسەلەیەکی چارەنووس ساز چارەسەر بکات، مەسەلەکە شەخسی نییە، مەسەلەکە ئەو شیوازی مەمەڵەکردنەیە لەگەڵ رووداوەکاندا".
payamner-
