لەبارەی بودجەوە فراکسیۆنە کوردستانییەکان و حکوومەت ڕێککەوتن

 لەبارەی بودجەوە فراکسیۆنە کوردستانییەکان و حکوومەت ڕێککەوتن
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بە ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فراکسیۆنە کوردستانییەکان دەکات و دەڵێت: "لەسەر پرسی بودجەی 2017ی عێراق لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتین بە ڕێککەوتن".

ئەمڕۆ چوارشەممە 21\12\2016، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران و ئەندامانی لێژنەی دارایی و یاسایی و ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، کۆبوونەوەیەکیان ئەنجام دا، بە مەبەستی تاوتوێکردنی یاسای بودجەی 2017ی عێراق.

لەمبارەیەوە عەبدولقادر محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بەشدار بوو لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: “لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتینە ڕێککەوتن بۆ ئەوەی لێژنەی هاوبەش پێکبهێنرێت، بەدواداچوونی ورتر بۆ کارەکان بکرێت، سەردانی بەغدا بکرێت، دواجار گەیشتینە چ دەرئەنجامێک لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان بێت، بڕیاری لەسەر دەدرێت”.

جەختیشی لەوە کردەوە: “میکانیزمی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دیاری نەکراوە، بەڵام لەناوخۆی خۆمان، لەسەر هەندێک پرس گەیشتووینەتە ڕێککەوتن". گوتیشی: “ئێمە و حکوومەت گلەیی خۆمان بۆ یەکتری هەڵڕشت و لە یەکتری تێگەیشتین".





باسنیوز
Top