پارتی: ئامانج لە تەقینەوەکانی کۆیە تێکدانی سەقامگیریی هەرێمی کوردستانە
بەپێی ڕاگەیاندراوێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتیی کوردستان ، بە توندی ئیدانەی تەقینەوەکانی شەوی ڕابردووی بەردەم بارەگای حزبی دیموکراتیی کوردستان (حدک) کردووە کە بەهۆیەوە 7 کەس شەهید بوون و ژمارەیەکیش بریندار بوون.
مەکتەبی سیاسیی پارتی ڕای گەیاندووە: “ئێمە وێراى سەرەخۆشیمان لە كەسوكارى شەهیدەكان و هیواى چاكبوونەوە بۆ بریندارەكان، ئەو كارە نەخوازراوانە كە ئامانجیان پشێوى و تێكدانى سەقامگیری و ئارامیی هەرێمی كوردستانە، زۆر بە توندى ئیدانە و سەرزەنشت دەكەین و هاوخەمىی خۆمان بە خوشك و براو كەسوكارى قوربانییەكان و تێكۆشەرانی حزبی دیموكراتیی كوردستان ڕادەگەیێنین و هیواخوازین، لەمەودوا ئەو ڕووداوانە دووبارە نەبنەوە و زیاتر ئارامیی و ئاسایشى هەموو لایەك پارێزراوتر بێت”.
پێشتر بەرپرسانی حزبی دیموکراتیی کوردستان (حدک) ئەوەیان ڕاگەیاندبوو کە ئەوان تەنیا گومانیان لەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە. ئیسماعیل شەرەفی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی (حدک)یش ڕایگەیاند: “زیاتر لە ساڵێکە بەرپرسانی ئەمنی و سیاسیی ئێران بە ئاشکرا هەڕەشەمان لێ دەکەن”.
باسنیوز
