کۆمەڵە: ھەموو ڕۆژێک چاوەڕێی پەلاماردانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەین
عەبدوڵا موھتەدی، سكرتێری كۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: "کۆماری ئێسلامی ئێران دژایەتییەکی زۆری پارتە کوردستانییەکانی کوردستانی ڕۆژھەڵات دەکات و گوتیشی: "ژیانی پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژھەڵات لەلایەن کۆماری ئێسلامی ئێرانەوە لە مەترسییەکی گەورە دایە و ھەموو ڕۆژێک چاوەڕێی ئەوەین، کۆماری ئیسلامی ئێران پەلامارمان بدات."
عەبدوڵای موھتەدی، ئەوەشی ئاشکرا کرد: "لەماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا لە ھەرێمی کوردستان، زیاتر لە 300 پێشمەرگە و کادیری حزبەکانی کوردستانی ڕۆژھەڵات بە شێوەی جۆراوجۆر تیرۆر و دەرمانخوارد کراون.
سکرتێری کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردسانی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد: "ساڵی ڕابردوو تەقینەوەیەکی گەورەمان بۆ دانرا ئەگەر ئەو کارە تیرۆریستییە ئەنجام بدرایە، یاخود ئێمە بەو کارەمان نەزانیای،ە بێگومان بە سەدان پێشمەرگەی ئێمە شەھید و بریندار دەبوون، بەڵام خۆشبەختانە ئەو ھەوڵە شکستی ھێنا."
دەربارەی ئەوەی تاچەند حکومەتی ھەرێمی کوردستان، کار دەکات بۆ پاراستنی ژیانی حزبەکانی کوردستانی ئێران، عەبدوڵای موھتەدی گوتی: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ھێشتوویەتی پێشمەرگەکانی کۆمەڵە و حزبەکانی دیکەی کوردستانی ڕۆژھەڵات خۆیان پڕچەک بکەن بۆ ئەوەی پارێزگاری لە خۆیان بکەن، بێگومان ئەوە دەسکەوتێکی گەورەیە بۆ ئێمە بێگومان ئێمەش وەکوو پێشمەرگە ھاتووین بۆ کوردستانی عێراق، ھەروەھا زۆر بەرپرسیارانە مامەڵە دەکەین، لەگەڵ ئەوەشدا ھەر کاتێک بزانین مەترسییەک ڕووبەڕووی ھەرێمی کوردستان بووەتەوە ئێمە ئامادەی پاراستنی خاکی پیرۆزی کوردستان بووین."
باسنیوز
