بەهۆی حەشدی شەعبییەوە لەنێو یەکێتیدا دەنگی ناڕەزایی دژی مەعسووم بەرز دەبێتەوە
دوای ئەوەی دەنگۆی سەردانیکردنی شاندێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ لای سەرۆک کۆماری عێراق لەبارەی پەسەندکردنی یاسای حەشدی شەعبی بڵاو بووەوە، عەتا سەراوی، ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕایگەیاند: “نەخێر سەردانمان نەکردووە، من ئەدای فواد مەعسوومم بە دڵ نییە، چونکە خۆی زوڵمی لە خۆی کردووە کە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقی وەرگرتووە”.
بە گوتەی سەراوی، "وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق لەلایەن فواد مەعسوم، بۆ مێژووی خۆی خراپە، چونکە تەمەنی ڕێگای ئەوەی نەدەدا، جگە لەوەی عێراق وڵاتێکی وێرانە و خراپە، ئیتر وەرگرتنی ئەو پۆستە یانی چی؟".
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی ناوەندیی یەکێتی، باسی لە چۆنیەتی هەڵبژاردنی مەعسووم بە سەرۆک کۆماری عێراق کرد و ڕای گەیاند: “کاتی خۆی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی د.بەرهەم ساڵح یاخود د.فوئاد مەعسووم بە سەرۆک کۆماری عێراق بەڕێوە چوو، بەڵام دواجار مەعسووم دەرچوو، چونکە خرایە دەنگدانەوە لەنێو لیستە کوردستانییەکان و گۆڕان و پارتیش دەنگیان پێ دا”. جەختیشی لەوە کردەوە: “دانانی فواد مەعسووم بە سەرۆک کۆماری عێراق، یەکێکە لە هەڵە گەورەکان و دەبووایە یەکێتی لە دوای مام جەلال، کەسێک بۆ بەغدا نەنێرێت کە توانای پۆستەکەی نەبێت”.
باسنیوز
