حەمید دەربەندی: پەیەدە هیچ دەرفەتێکی نەهێشتووەتەوە
حەمید دەربەندی، ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری کوردستانی ڕۆژئاوا، ڕاگەیاند: “لەکاتێکی واهەستیار لە پارچەیەکی کوردستان، تۆ ڕێگا نەدەیت کورد یەک دەنگ بێت، گوتاری سیاسیی هاوبەش نەبێت، پلانت بۆ داهاتووی خۆی نەبێت، بێ گومان مەترسییەکی گەورەیە لەسەر کوردستانی ڕۆژئاوا کە چەند ڕۆژێک پێش ئێستا نیچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی پێ دا”.
ئەوەشی ڕوون کردەوە: “پەیەدە لەو پارچەیەی کوردستاندا، ستراتیژیەتی قووڵیان بۆ داهاتووی کوردستان نییە”. نموونەشی بەوە هێنایەوە کە لە ڕۆژی یەکەمەوە و لە سەرەتای دەست پێ کردنی ڕووداوەکانی سووریاوە، پەیەدە پەیوەندی لەگەڵ ڕژێمی سووریادا هەبووە و هەیە، لە کاتێکدا ئەو وڵاتە دان بە کەمترین مافی کورددا نانێت. گوتیشی: “پەیەدە پەیوەندییان لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی نییە، تائێستا دەرفەتی هەڵبژاردنی بێگەرد نەدراوە کە حزبەکان تێیدا بەشداری بکەن، وەک ئەوەی لە 1992 لە کوردستانی باشوور کرا کە دواتر بەرەی کوردستانی، ئیدارەی کوردستانی کرد، بەڵام لەوێ پەیەدە دەرفەتی بۆ هیچ شتێک نەهێشتووەتەوە".
حەمید دەربەندی لە لێدوانەکەیدا جەختی لەوە کردەوە: “پەیەدە ڕێگا بە هاوبەشی نادات، ئەمری واقیعێکی لە کوردستانی ڕۆژئاوا دروستکردووە، لەڕووی ئابوورییەوە لە ڕۆژئاوا هیچ بەدی ناکرێت، لەڕووی دانووسانەوە بەشداری و گفتووگۆ بەئۆپۆزسیۆنی سووری ناکرێت، واتەی کەشێکی وایان خولقاندووە یان دەبێت لەگەڵیان بیت یان ئەگەر حەزت لێ نییە فەرموو بەجێی بهێڵە".
حەمید دەربەندی، ئەوەشی خستەروو: مەترسی گەورە لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان هەیە.
باسنيوز
