حدک: ئێران سەرچاوەی هێرشی سەر بارەگاکەمانە

 حدک: ئێران سەرچاوەی هێرشی سەر بارەگاکەمانە
جێگری سکرتێری حزبی دیموکراتی کوردستان لەبارەی دوو تەقینەوەکەی شەوی ڕابردووی بەردەم بارەگاکەیان دەڵێت "هەرچەند هێشتا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن، بەڵام بەپێی ئەزموونمان و جۆری تەقینەوەکان سەرچاوە و دەستی پشتی ئەم کردەوەیە ئێرانە."



مستەفا مەولوودی، جێگری سکرتێری حزبی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە 2016 -12- 21 لە لێدوانێکدا گوتی : هێشتا لێکۆڵینەوەکان لەبارەی ئەنجامدەران و سەرەداوی ئەم کردەوەیە بەردەوامن، بەڵام هێشتا ئەنجامەکان ڕانەگەیندراون، زۆر ئاساییە و بەپێی ئەو ئەزموونەی کە ئێمە لە کۆماری ئیسلامیمان هەیە، ئادرەس و سەرچاوەی ئەم کردەوەیە لەلایەن ئیرانەوەیە."



ئاماژەی بەوەش کرد "حیزبی دیموکرات تەنیا دوژمنێک کە هەیبێت کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، ئەزموون و ڕابردووی تیرۆی کۆماری ئیسلامی لەناو حزبی دیموکرات کەم نین و لە ڕابردوودا بۆمبی داناوەتەوە، پاسمانی تەقاندووەتەوە و پێشمەرگە و کادیری دەرمانخوارد کردووە و بۆردومانی کردووە، بۆیە ئێران لەم بارەوە کارنامەیەکی ڕەشی هەیە."



لەبارەی کات و دۆخی تەقینەوەکە جێگری حدک گوتیشی "دوژمن دەزانێ شەوی یەلدایە و خەڵک کۆ دەبنەوە و ویستوویە دەست بوەشێنێ و تاریکیی شەوی بە دەرفەت زانیوە و ئەمکارەی کردووە و لە سەرەتای ساڵی 1395ی هەتاوییەوە ئێران بە بەردەوامی بە شێوەی جۆراوجۆر هەڕەشەمان لێ دەکات و ئەمەش یەکێک لە نموونەکانیەتی."



ئەم لێدوانەی جێگری سکرتێری حدک لە کاتێک دایە کە شوان داوودی پەرلەمانتاری یەکێتیی نیشتمانیی لە پەرلەمانی کوردستان لە ئەکاونتی تایبەتیی خۆی لە فەیسبووک نووسیویە " ڕووداوەکەی دوێنێ 20\12\2016ی کۆیە، دیاریی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو بۆ کورد، بەبۆنەی مافی هاووڵاتیبوون لەو وڵاتە کە هەر دوێنێ ڕاگەیاندرا."



ئەم کردەوەیە لە کاتێک دایە کە حەسەن ڕۆحانی سەرکۆماری ئێران دوو ڕۆژە لەمەوبەر "مەنشووری مافی هاووڵاتیبوون"ی هێنایە بەرباس و بە فەرمی لە پەرلەمانی ئێران واژۆی کرد کە جەخت لەسەر مافی هاووڵاتیبوون دەکاتەوە و نەتەوەکانی دیکەی ئێران لە مافی نەتەوەیی بێبەش دەکات، کە بەڕای چالاکوانانی سیاسیی کوردی ڕۆژهەڵات ئەمە هیچ دەرەتانێک نییە بۆ نەتەوەکان، بەڵکوو زیاتر پڕوپاگەندەیە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئێران.



بەپێی بەڵگەیەک و چاتێکی یەکێک لە شەهیدەکانی ئەو تەقینەوەیە "عەلی قۆیتاسی" کادیری حزبی دیموکرات لەگەڵ دۆستێکی باسی لە ئەگەری بوونی تیرۆر و تەقینەوە دەکرێت.



بەپێی نوێترین ڕاگەیەندراوی مەکتەبی سیاسیی حدک کەلە ماڵپەڕی (کوردستان و کورد) زمانحاڵی فەرمیی ئەو حزبە بڵاو کراوەتەوە، لە تەقینەوەکەدا پێنج پێشمەرگەیان بەناوەکانی - عەلی قۆیتاسی، کادری حزب - وەهاب میر خزری، پێشمەرگەی حزب - سالار باقری، پێشمەرگەی حیزب - ئەرسەلان عەباس نیا، پێشمەرگەی حزب و ناسر کەریمی، ئەندامی یەکیەتیی لاوانی دیموکرات، هەروەها کارمەندێکی ئاسیشی کۆیە بەناوی عەدنان عەبدوڵلا، مفەوەز، شەهید بووون.




باسنیوز




Top