ئەنجوومەنی وەزیران و فراکسیۆنە کوردستانييەکان کۆدەبنەوە
هەفتەی رابردوو چوار فراكسیۆنی كوردستانی داوای دواخستنی كۆبوونەوەكەیان كرد، حكومەتیش بڕیاریدا كۆبوونەوەكە بۆ ئەم هەفتەیە دوابخات.
مەسعود حەیدەر، پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی گۆڕان راگەیاند، فراكسیۆنی گۆڕان بڕیاری بەشداریيكردنی كۆبوونەوەكەی ئەنجوومەنی وەزیرانی، بۆ تاوتوێكردنی یاسای بودجەی گشتیی عێراق، داوە.
فراکسیۆنە کوردستانییەکان بۆچوونیان جیاوازە، زۆرینەیان دەڵێن، لە بەرژەوەندی حکومەتی هەرێمی كوردستانە بودجەی 2017 ـی عێراق جێەجێ بكات، بەڵام فراکسیۆنی پارتی پێیوایە، بودجە زیاتر سەپاندنی مەرجە بەسەر هەرێمی کوردستان نەک پێدانی ماف و رەوانەکردنی بەشە بودجە.
نەجیبە نەجیب، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق راگەیاند، پێیانوایە یاسای بودجەی 2017ـی عێراق لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان نییە، چونکە لە یاسای بودجەدا هاتووە "بەگوێرەی هەناردەی نەوت پارە بۆ کوردستان دەنێردرێت"، ئەوەش پێچەوانەی دەستووری عێراقە و سەپاندنی مەرجە نەک پێدانی ماف بە کوردستان.
بەڵام سەرۆكی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی دەڵێت، بۆ یەکەمجارە لە 12 ساڵی رابردوو شایستە داراییەکانی پێشمەرگە لەنێو یاسای بودجەدا جێگەی بۆ بکرێتەوە.
ئەحمەد حاجی رەشید، سەرۆكی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی كوردستان راگەیاند، لە یاسای بودجە پێدانی مووچەی 100 هەزار پێشمەرگە جێگەی بۆ کراوەتەوە، بەڵام هێشتا رێککەوتن لەسەر ژمارەکە یەکلایی نەبووەتەوە.
سەرۆكی فراكسیۆنی کۆمەڵ دەشڵێت، ئەوەندەی کراوە بۆ دابینکردنی مافەکانی هەرێمی کوردستان کردوویانە، ئەوەشی ماوەتەوە دەکەوێتە سەر گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا و پێویستە ئەوان یەکلایی بکەنەوە.
هاوکات مەسعود حەیدەر، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان راگەیاند، یاسای بودجەی ساڵی 2017 ـی عێراق لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستانە، چونکە یاساكە ئیتیحادیە و هەرێمی کوردستانیش تاوەكو ئێستا بەشێکە لە عێراق.
نەجیبە نەجیب، پەرلەمانتاری پارتی دەڵێت، راستە بودجەکە ئیتیحادییە، بەڵام لەنێوەڕۆکدا دادپەروەرانە نییە. دەشڵێت، ساڵانی رابردوو هەمان بڕگە و ماددە لە دەستوور هەبوون، بەڵام بەغدا جێبەجێی نەکردوون.
ئەحمەد حاجی رەشید دەڵێت، لە چەند بڕگە و ماددەیەک باسی مافەکانی کوردستان کراوە. دانیش بەوە دادەنێت، نەیانتوانیوە چەند ماددەیەک لە بەرژەوەندی کوردستان بگۆڕن.
هەرچەندە فراکسیۆنەکان بۆچوونیان لەسەر یاسای بودجەی 2017ی عێراق جیاوازە، بەڵام کۆکن لەسەر ئەوەی دەبێت حکومەت بە وردی خوێندنەوەی بۆ بکات، چونکە پەیوەندی بە ژیانی خەڵک و مووچەی فەرمانبەرانەوە هەیە.
پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا یاسای بودجەی رەتکردبووەوە و رایگەیاندبوو "مافەکانی کوردستان لەو یاسایەدا جێگیرنەکراون و پیلانێكی سیاسی مەترسیدارە دژی هەرێمی كوردستان".
رووداو
