ووڵاتێک رێنمایی پێدانی ڤیزای شنگن بە ھەرێمی کوردستان دەدات
کونسوڵخانەی فەڕەنسا لە ھەولێر لە رێگەی نوسراوێک چەند رێنمایی و زانیاریەک لەبارەی ڤیزای فەڕەنسا بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەدات .
بەپێی نوسراوێکی فەرمانگەی پێوەندیەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان کە لە ١٥ی ١١ی ٢٠١٦ دەرچووە و ئەوە خراوەتە روو،وڵاتی فەرەنسا چەند رێماییەکی بۆ بۆ پێدانی ڤیزا دەرکردوە.
وەکو لە نوسراوەکە ئاماژەی بۆ کراوە " سەبارەت بە پێدانی ڤیزای شنگن لە کونسوڵگەری فەڕەنسا لە ھەولێر پێویستە لە کاتی پێشکەشکردنی داواکاری بۆ وەرەگرتنی ڤیزای شنگن لەو وڵاتە تەواوی بەڵگەنامە پێویستیەکانی وەکو بلییتی فڕۆکەو حجزکردنی ھۆتێل پێشکەش بکرێت.
جەخت کراوەتەوە ھەموو داواکاریەکانی ڤیزە لە رێگەی سەنتەری ڤیزای نێودەوڵەتی لە ستێر تاوەر لە ھەولێر وەردەگیرێت، ئەوەش ھاتووە: شاندە فەرمیەکانی حکوومەت کە بەسەردانی فەرمی دەچنە فەڕەنسا پێویستە نامەی پیشتگیری فەرمانگەی پێوەندیەکانی دەرەوەیان پێ بێت، کونسوڵگەری فەڕەنسا ھەماھەنگی لەگەڵ فەرمانگەی پێوەندیەکانی دەرەوە دەکات بۆ پێشکەشکردنی ھاوکاری و کارئاسانی بەرپرسانی شاندە فەرمیەکان کە ئامانج لە سەردانەکانیان پەرەپێدان و بەھێزکردنی پەیوەندی دوو قۆڵیە.
فەرمانگەی پێوەندیەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشداوە کە پێویستە ئەنجومەنی وەزیران دامەزراوەکانی حکوومەت ئاگادار بکاتەوە کە ئەو کەسانەی بە مەبەستی تایبەت وکەسی سەردانی فەڕەنسا دەکەن پێویستە راستەوخۆ سەردانی سەنتەری ڤیزەی نێودەوڵەتی بکەن لە ھەولێر و فەرمانگەی پێوەندیەکانیش تەنھا دەتوانێت ھاوکاری و کارئاسانی پێشکەش بە شاندە فەرمیەکان بکات نەوەکوە داواکاریە کەسیەکان.
فیزای فەڕەنسا لە چوارچێوەی ڤیزای ( شنگن)ە ھەر٢٧ وڵاتەکەی یەکێتی ئەوروپا دەگرێتەوە.
جەخت کراوەتەوە پێویستە پێشوەختە نوسراو ئاراستەی فەرمانگەی پێوەندیەکانی دەرەوە بکەن، بۆ ئەوەی ھاوکاری و کارئاسانی بۆ پێدانی ڤیزای فەڕەنسا بکرێت ،چونکە پرۆسەی وەرگرتنی ڤیزا بەپێی رێنمایی ووڵاتان کاتی پێویستە.
زیاتر لە ٣٢ ووڵات کونسوڵخانە و نوێنەرایەتیان لە ھەرێمی کوردستان ھەیە ١٦ ووڵاتیان ڤیزا بە ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان دەدەن
payamner-
