سەرکردەیەکی پارتی: کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەکان ئیجابی بوون

 سەرکردەیەکی پارتی: کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەکان ئیجابی بوون
ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند: "کۆبوونەوەی شاندی پارتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان دەرەنجامی باشی ھەبووە و ئەندامێکی وەفدی دانوستکاری بزووتنەوەی گۆڕانیش دەڵێت: "کۆبوونەوەکە ئیجابی بووە، ھەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان دەدەین .

عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: "کۆبونەوەی شاندەکەی پارتی دیموکرات لە شاری سلێمانی، لەگەڵ لایەنە سیاسییەکاندا دەرەنجامی باشی ھەبووە و ھەوڵی ئەوەش دەدرێ بەھۆی درێژەدان بە کۆبوونەوەکان کێشەکان چارەسەر بکرێن."

گوتیشی: "ئامانجی پارتی لە ناردنی شاندەکەی بۆ شاری سلێمانی و کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان تەنیا چارەسەرکردنی کێشە چەقبەستووەکانە، بێگومان ھەموومان ھەوڵی جدی دەدەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان."

پێشتر ئیسماعیل نامیق، ئەندامی وەفدی دانوستانكاری بزووتنەوەی گۆڕان لە لێدوانێكدا ڕایگەیاندبوو: "کۆبوونەوەکەی نێوان پاتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان کۆبوونەوەیەکی ئیجابی بووە و خاڵی لێک تێگەیشتنمان ھەبووە. ڕوونیشی کردەوە: "وەفدەکەی پارتی هیچ پرۆژەیەكیان نەخستووەتە بەردەم وەفدی بزووتنەوەی گۆڕان، بەڵكوو ئێمە چاوەڕێ دەكەین پارتی پرۆژەی خۆی هەبێت بۆ چۆنیەتیی جێبەجێكردنی پێشنیارەكانی بارزانی".












باسنیوز
Top