یەکێتیی ئەوروپا 86 ملیۆن یۆرۆ بە عێراق دەبەخشێت

 یەکێتیی ئەوروپا 86 ملیۆن یۆرۆ بە عێراق دەبەخشێت
یەکێتیی ئەوروپا رێککەوتنێک لەگەڵ عێراق واژۆ دەکات، کە بەپێی ئەوە، یەکێتییەکە بری 86 ملیۆن یۆرۆ بە عێراق دەبەخشێت.

رۆژی سێشەممە 20ـی کانوونی یەکەمی 2016، سەلمان جومەیلی، وەزیری پلاندانانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، کە یەکێتیی ئەوروپا بڕی 86 ملیۆن یۆرۆ بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچە رزگارکراوەکان لەژێر دەسەڵاتی داعش پێشکەشی عێراق دەکات.

بەپێی بەیاننامەکەی سەلمان جومەیلی، رێککەوتنی عێراق و یەکێتیی ئەوروپا، پارەکە بۆ 15 پرۆژەی ژێرخانی ئابووری لە ناوچە رزگارکراوەکان ئەنجام دەدرێت.

تاوەکو ئێستا هەموو ناوچە کوردستانییەکان لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان رزگار کراونەتەوە و هێزە عێراقییەکانیش بەشێک لە شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچە داگیرکراوەکانی پاریزگاکانی دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان رزگار کردووەتەوە.

لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.












باسنيوز
Top