پەیامی سەرەخۆشیی بارزانی دەگەیەندرێتە کونسوڵی رووسیا

پەیامی سەرەخۆشیی بارزانی دەگەیەندرێتە کونسوڵی رووسیا
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی کوردستان پەیامی سەرەخۆشیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێتە بەرپرسانی رووسیا.

فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی کوردستان لە لاپەڕەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر رایگەیاندووە، کە سەردانی کونسوڵخانەی گشتیی رووسیای لە هەولێر کردووە.

فەلاح مستەفا لەو سەردانەیدا، پرسە و سەرەخۆشیی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و خەڵک و حکوومەتی هەرێمی کوردستانی گەیاندووەتە ڤیکتۆر سیماکۆڤ، کونسوڵی رووسیا لە هەولێر، بەبۆنەی تیرۆرکردنی ئاندری کارۆلۆڤ، باڵیۆزی رووسیا لە ئەنقەرە.

شەوی دووشەممە 19ـی کانوونی یەکەمی 2016، مەولود مەرد ئاڵتنتاش لە کاتی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، بە دەمانچە تەقەی لە ئاندری کارۆلۆڤ، باڵیۆزی رووسیا لە ئەنقەرە کرد و بەهۆیەوە ئاندری گیانی لەدەست دا.











باسنيوز
Top