مستەفا چاوڕەش: پارتی و یەکێتی بۆ بەهێزکردنی ڕێککەوتنی ستراتیژی کۆدەبنەوە
ئەمڕۆ سێشەممە 20\12\2016، مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی، ڕایگەیاند: “ڕێککەوتنی ستراتیژیی ساڵی 2005 لە ئەنجامی ڕێککەوتنی بارزانی و تاڵەبانی، لەنێوان پارتی و یەکێتیدا کراوە، لە هەموو کاتێکدا ئەو ڕێککەوتنە سوودی خۆی هەبووە، بەتایبەت بۆ ئێستای کوردستان کە دەبێت هەموو لایەک هەوڵ بدات کۆبوونەوەکان سەربگرێت و سەرکەوتووبێت، بۆ ئەوەبێت کە ژیانی خەڵک چاک بکرێت”.
ئەوەشی ڕوون کردەوە: “گرنگە دووبارە ڕێککەوتنی ستراتیژی بەهێز بکرێتەوە، چونکە پارتی و یەکێتی چارەنووسی خەڵکیان لەبەردەستە، ئەو دۆخەی ئێستا لە کوردستان هاتووەتە ئاراوە، لە ئەنجامی بۆشایی ئەو ڕێککەوتنە بووە". گوتیشی: ”بڕیارە لە داهاتوودا لەسەر پرسی بەهێزکردنی ڕێککەوتنی ستراتیژی، پارتی و یەکێتی قسەی زۆرتر بکەن و هەوڵی زیاتر بدرێت".
دوێنێ دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی ڕای گەیاند: “لە داهاتوودا کۆبوونەوەی دیکە لەگەڵ یەکێتی ئەنجام دەدەن”.
باسنیوز
