بڕیارێکی فەرمانگەی کارەبای ھەولێر ھاووڵاتییان نیگەران دەکا
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست کەوتوون، لە کاتی ھەبوونی کارەبای نیشتمانیدا، کارەبای بەشێک لە گەڕەکەکان دەبێت و بەشەکانی تریش سرکێتی محەویلەکانیان دەکوژێندرێتەوە، بەمەش شەو و رۆژێک ئەو بەشە بێ کارەبا دەمێننەوە و بۆ رۆژی دواتر بە پێچەوانەوە بەشەکەی تر بێ کارەبا دەبن.
رەسووڵ ئەحمەد، ھاووڵاتیی یەکێک لە گەڕەکەکانی ھەولێر رای گەیاند: "لەو کاتەوە ئەو بڕیارە جێبەجێ کراوە شەو تا بەیانی بێ کارەباین، چونکە نە کارەبای نیشتمانی دەبێت نە کارەبای موەلیدەش".
ئەو ھاووڵاتییە ئاماژەی بەوەش دا، ئەوانەی بیرۆکەی ئەم کارەیان داھێناوە کەسانی بێ پلانن، گوتیشی: "کاتێک بیر لەوە دەکرێتەوە سرکێتی محاویلەی بەشێک لە گەڕەکەکان دەھێندرێتە خوارەوە، ئەی بۆ بیر لەوە ناکەنەوە کە موەلیدە بەشە کارەبای ئەوانە بدات کە بێ کارەبان و دەبێت شەو لە بێ کارەبایی بکەنەوە و سەری مانگیش خاوەن موەلیدەکان کارەبای مانگێکی خۆیان دەوێت".
خاوەنی یەکێک لە موەلیدە ئەھلییەکان ئەوەی راگەیاند، ئەگەر پارێزگا و ئەنجومەنی موەلیدە ئەھلییەکان بەفەرمی پێیان رابگەیەنن ئەوکات دەتوانن کارەبای ئەو شوێنانە بدەن کە کارەبایان کوژاوەتەوە.
رەسووڵ ئەحمەد ڕوونی کردەوە، ئەگەر کارەبای ھەولێر بەم بڕیارەدا نەچێتەوە ئەوا خەڵک خۆپیشاندان دەکەن.
حوسێن حەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای ھەولێر لەمبارەیەوە رایگەیاند، بەھۆی زۆریی فشار لەسەر کارەبا ئەم بڕیارەیان لە ھەولێر جێبەجێ کردووە، گوتی: "ئەو فیدەرانە باریان زۆر بووە و بەرگەی فشار ناگرن، بۆیە بەناچاری سرکێتی چەند محەویلەیەک لە ھەر گەڕەکێک دەکوژێندرێتەوە".
ئاماژەی بەوەش دا، سیستەمی نۆرە پێڕەو دەکەن، گوتیشی: "بۆ نموونە ئەمڕۆ چەند محەویلەیەک دەکوژێندرێتەوە و ھەندێکی تر کارەبایان ھەیە، بەیانی بەپێچەوانە دەبێت و کارەبای ئەو شوێنانە دەبێت کە نەیانبووە".
دووپاتی کردەوە، ئەگەر وا نەکەن ئەوا ناتواندرێت کارەبا بدەن، گوتیشی: "لە زۆر گەڕەک و زۆر جێگای ھەولێر بە ناچاری ئەو سیستەمە پێڕەو دەکرێت، تا کارەبا بەتەواوی بدرێت نەک پچڕ پچڕ".
باسنيوز
