دڵشاد شەعبان: ئەگەر نرخی نەوت ببێتە 65 دۆلار ئەوا گۆڕانکاری لە سیستەمی مووچەدا دەکرێت

 دڵشاد شەعبان: ئەگەر نرخی نەوت ببێتە 65 دۆلار ئەوا گۆڕانکاری لە سیستەمی مووچەدا دەکرێت
پەرلەمانتارێکی کوردستان ڕای گەیاند، لەوە دڵنیان کە حکوومەتی عێراق پارە بۆ هەرێمی کوردستان نانێرێت، بۆیە بە گرنگی دەزانێت، بەرهەمی نەوت لە ڕێگەی میکانیزمێکەوە بەرز بکرێتەوە و گۆڕانکاریش لە سیستەمی مووچەدا بکرێت.



دڵشاد شەعبان، جێگری سەرۆکی لێژنەی پیشه‌سازى و وزه‌ و سه‌رچاوه‌ سرووشتییه‌كان لە پەرلەمانی کوردستان، ڕاگەیاند: “لە ماوەی ڕابردوودا 10 شاندمان بۆ بەغدا ناردووە و سوودی نەبووە، ئەوان بڕیاری خۆیان داوە، یەک دینار بۆ هەرێمی کوردستان نانێرن، لە باشترین حاڵەتدا 550 هەزار بەرمیل نەوتمان بدەینە بەغدا، ئەوان لە 500 ملیار دینار زیاترمان نادەنێ، ئەوان ئەو پارەشمان بۆ دەنێرن، بە مەرجێک کە ئێمە شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکان لەپارەی خۆمان بدەین، ئەو قەرزانەی لەسەرمانە خۆمان بیدەینەوە، داهاتی ناوخۆش کە ئەوان بە 150 ملیار دینار خەمڵاندوویانە، ئەوەش ببڕن، ئینجا 350 ملیار دینار دەمێنێت مووچەی لە %20ی فەرمانبەرانی کوردستان دەکات”.



ئەوەشی ڕوون کردەوە: “بۆ ساڵی 2017، دەبێت پشت بەخۆمان ببەستین، لەوانە داهاتی بەرهەمە نەوتییەکان و داهاتی ناوخۆ، لەگەڵ چاکسازیکردن”. گوتیشی: “لە ڕێگای بەغداوە، هیچمان بۆ نایەت و عەقڵیەتی بەغدا وایە کە وەک پارێزگایەک سەیری هەرێمی کوردستان دەکات، هیچ حیسابێک بۆ کوردستان ناکەن".



جێگری سەرۆکی لێژنەی وزە و سەرچاوە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان ئەوەشی ڕوون کردەوە: “لە هەموو ئەگەرێکدا ئێمە ڕۆژانە 550 تا 600 هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشین، ئەگەر نرخی بەرملی نەوت لە 65 دۆلار جێگیر ببێت، ئەوە قەرزەکانی کوردستان بەخێرایی دەدرێتەوە، هەق دەستی کۆمپانیاکان وەک خۆی دەدرێتەوە، ئەو کاتە پێداچوونەوە بە سیستەمی مووچەی فەرمانەبەراندا دەکرێت”. گوتیشی: “بەڵام ئەگەر نرخی نەوت لە 55 دۆلار جێگیر بێت، داهاتی کوردستان باش دەبێت، نەک باشتر، چونکە لەو نرخە 700 ملیۆنمان دەست دەکەوێت، لەو بڕەش 180 ملیار دۆلار بۆ قەرزەکانی پێشووی هەرێمی کوردستان تەرخان دەکرێت و 90 ملیار دۆلاریش هەقدەستی کۆمپانیا نەوتییەکان دەدەین”.






باسنيوز
Top