هەڵسووڕاوێکی گۆڕان: هەوڵەکانی پارتی بۆ چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکان زۆر باش دەبێت
ئومێد حەمە عەلی، هەڵسووڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕایگەیاند: “لە ساڵێک زیاترە کێشەکان گەیشتوونەتە ئاستێکی بەرز لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا، ئەمەش وای کرد کە دانیشتن لە نێوان لایەنەکان ئاستەم بێت، بەتایبەت پارتی دیموکراتیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، بۆیە ئەگەر پارتی جددی بێت لەو دەستپێشخەرییەی کردوویانە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و گۆڕینی سەرۆکایەتییەکان، دەکرێت دەستپێشخەرییەکە بۆ چارەسەری کێشە سیاسییەکان زۆرباش بێت، دواجار کێشەکانی دیکەش”.
ئەوەشی ڕوون کردەوە: "هەمیشە کێشە سیاسییەکانی کوردستان لە میدیاوە دەست پێ دەکات، بۆیە لەبەرچاوگرتنی ئاشتەوایی لە میدیاکان، دەکرێت زەمینەیەکی باش بڕەخسێنێت".
دوێنێ دووشەممە (20\12\2016)، شاندی پارتی دیموکراتیی کوردستان، سەردانی بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی کرد و دواتر ئەوە ڕاگەیاندرا کە کۆبوونەوەکان ئەرێنی بوون.
باسنيوز
