بەوێنە.. لە کەلار پەردە لەسەر نەخشە و ئاڵای کوردستان لادرا
ڕێبوار مستەفا، بەرپرسی ناوەندی باڵای گەرمیانی ڕێکخراوی یەکێتیی لاوانی دیموکراتیی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "پاش ئەوەی بیرۆکەی دروستکردنی نەخشەیەکی گەورەی باشووری کوردستانمان لە دەروازەی شاری کەلار خستە بەردەم سەرۆکی شارەوانی، ڕەزامەندی لەسەر نیشاندا و ھەستان بە ناردنی کارمەندی ڕووپێوی، بۆ دیاریکردنی شوێنی نەخشەکە و پاش نزیکەی 15 ڕۆژ توانیمان نەخشەیەکی کوردستان دروستبکەین".
ئەو بەرپرسەی یەکێتیی لاوانی دیموکراتیی کوردستان، ئەوەشی خستەڕوو: "ئەمڕۆ 20/12/2016 لە مەراسیمێکدا بە بەشداری ژمارەیەک بەرپرسی حزبی، حکوومی، ھاووڵاتیان و چالاکوانانی مەدەنی، لەلایەن دوو پێشمەرگەوە پەردە لەسەر نەخشەکە لادرا، کە بە ئاڵای کوردستان ڕەنگ کرابوو".
گوتیشی: "نەخشەکە، بە بەردو و چیمەنتۆ دروستکراوە، بە ڕەنگی ئاڵای کوردستان نەخشێنراوە، درێژییەکەی 25 مەتر و پانییەکەشی 15 مەترە و دیمەنێکی جوانی بەخشیوەتە دەروازەی شارەکە، جگە لەوەش ھەر لە مەراسیمەکەدا خەڵاتی ڕێزلێنانمان بەخشی بەو 2 کارمەندەی شارەوانی کە بۆ کارەکەمان، ھاوکارمان بوون".
BAS NEWS -
