مالیکی دەیەوێ ناكۆكی بخاتە نێوان كورد و عەرەبی سونەوە
حاکم سەرحان پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، نووری مالیکی لەناو هاوپەیمانی شیعەدا بەتایبەت لەلایەن ڕەوتی سەدرەوە بە توندی دژایەتی دەکرێت، هەروەها لە کۆتا سەردانیدا بۆ باشووری عێراق بەتایبەت بۆ پارێزگای بەسرە لەلایەن خەڵکەوە ڕەت کرایەوە، جگە لەوەی بەپێی ئاماژەکان لایەنگرانی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیران لە بەرزبوونەوەدان.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش کرد، مالیکی دەیەوێت بە پەرتکردنی نێو ماڵی سوننە بە ڕاکێشانی هەندێ لایەنی وەک سەلیم جبوری و پشتگوێخستنی ئەو سوننانەی لەگەڵ سیاسەت و ئەجیندای ئەو ناگونجێن، هەروەها خۆنزیکردنەوە لەگەڵ هەندێ لایەنی کوردی مەبەست لێی لێکترازانی پێکهاتەی سیاسی سوننە لە لایەک و کوردەکان لەلایەکی دیکەوەیە بۆ ئەوەی بە ئاسانی بتوانێت ئەجینداکەی جێبەجێ بکات.
پەرلەمانتارەکەی عێراق دەڵێ دوای ئەوەی بۆ مالیکی ڕوون بووتەوە کە پێگەی جەماوەری لەناو عێراق بەگشتی و لەناو شیعەکان بەتایبەتی کەم بووەتەوە، ڕووی کردووەتە هەندێ لایەنی سوننە و کوردی بۆ ئەوەی ئەجینداکانی پێ جێبەجێ بکات، ئەمە جگە لەوەی ئەگەر سەیری وتارەکانی بکەین زیاتر نەرمی پێوە دیارە وەک پێشوو، چونکە دەزانێت ڕۆژانە جەماوەرەکەی لەدەست دەدات.
BAS NEWS -
