نوێنەری ھەرێمی کوردستان: ستایشی یاساکانی ھەرێمی کوردستان و فتوای یەکێتیی زانایان کرا

نوێنەری ھەرێمی کوردستان: ستایشی یاساکانی ھەرێمی کوردستان و فتوای یەکێتیی زانایان کرا
دوێنی لە باڵیۆزی ئیتاڵیا لە بەغدا، کۆنفرانسی نێودەوڵەتی مافەکانی مرۆڤ و ئازادی ئایینی، بە بەشداری گشت پێکھاتە ئایینییەکان لە عێراق، دەستی پێکرد و ئەمڕۆ کۆتایی بەکارەکانی ھێنا، نوێنەری ھەرێمی کوردستانیش، ئاماژە بەوە دەدات کە زۆر ستایشی یاساکانی کوردستان و پێکەوەژیان لە کوردستان کراوە.



مەریوان نەقشبەندی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و پێکەوەژیان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی و نوێنەری ھەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی مافەکانی مرۆڤ و ئازادی ئایینی، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 19/12/2016 کۆتایی بە کۆنفرانسەکە ھات، لەو کۆنفرانسەدا ھەموو ئەو کەسانەی لەوێ بوون، کە لە یاساناس، نوێنەری گشت مەرجەع و پێکھاتە ئایینییەکان، بەرپرسانی حکوومی و پەرلەمان، گشت باڵوێزەکان، لەوێ بوون، منیش باسی باری کوردستانم کرد، باسی گۆڕانکارییە یاساییەکان و مێژووی ھەرێمی کوردستانم کرد، کە چۆن ئاگاداری پێکەوەژیان و پێکھاتە ئایینییەکانە، ھەروەھا بەڵگە و فەتوای یەکێتیی زانایانی ئایینیم خستەڕوو، گشت کونسوڵەکان داوای کۆپییەکیان کرد، بەتایبەت ئەو فەتوایەی کە دەڵێ نابێ موڵکی ھیچ پێکھاتە ئایینییەکی دیکە لە کوردستان، دەستی بەسەردا بگیری".
نوێنەری ھەرێمی کوردستان، لەو کۆنفرانسەدا، ئەوەشی خستەڕوو: "بۆم دەرکەوت کە ھەموو ئاگادری باری کوردستان بوون، ھەموویان ستایشی کوردستانیان لە بارەی پێکەوەژیان دەکرد، کە سەرباری ئەو ھەموو گرفتەی کوردستان ھەیەتی، بەڵام توانیویەتی ئاگاداری پێکھاتە ئایینییەکانی دیکە بێت، باسی یاسای ژمارە 5ی 2015 کرا کە سەرۆکی ھەرێمیش واژۆی کردووە، بۆیە ھەموو داوایان کرد لەبارەی پێکەوەژیان، یاساکانی عێراقیش وەک ھی ھەرێمی کوردستانی لێ بکرێت، بەتایبەت چەند بڕگەیەکی ترسناک لەناو یاسای عێراقی ھەیە و تا ئێستا ماوە".



گوتیشی: " لویس ساکۆ، پەتریاکی کلدانییەکانی عێراق، پێشنیاری ئەوەی کرد، خانەی ئایین، لەناو ناسنامەی عێراقی نەمێنێـت، بۆ ئەوەی ستەمیان لێ نەکرێت و موڵکیان داگیر نەکرێت".


نەقشبەندی، بۆ (باسنیوز)، ئەوەشی ڕوون کردەوە: "ئەمڕۆ وەزیری خوێندنی باڵای عێراقی لەگەڵمان بەشدار بوو، باسی ئەو یاسایەی کوردستانی کرد، کە قوتابخانە ئایینییەکان خراونەتە سەر وەزارەتی خوێندنی باڵا، ئەو ھەنگاوەی ستایش کرد و گوتی ئەوەی ئێوە کردوتانە، بە ئێمە ناکرێ کارێکی زۆر گرنگتان، ئەنجام داوە".
BAS NEWS -
Top