بەرپرسێکی بزووتنەوەی گۆڕان: ئەم کۆبوونەوەیە توانی بەستەڵەکی تووڕەیی نێوان پارتی و گۆڕان بتوێنێتەوە

بەرپرسێکی بزووتنەوەی گۆڕان: ئەم کۆبوونەوەیە توانی بەستەڵەکی تووڕەیی نێوان پارتی و گۆڕان بتوێنێتەوە
بەرپرسێکی بزووتنەوەی گۆڕان، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە کۆبونەکەیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، ئیجابی بووە و ھەردوولا تێڕوانینیان لەسەر ئەوەبووە کە چۆن بتوانن کێشەکان چارەسەر بکەین.



د. ئیسماعیل نامیق، بەرپرسی بزووتنەوەی گۆڕان، بە (باسنیوز) ڕایگەیاند: "کۆبوونەوەکەی پاتی دیموکراتیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، کۆبوونەوەیەکی ئیجابی بوو، خاڵی لێک تێگەیشتنمان ھەبوو".



ئەو بەرپرسەی بزووتنەوەی گۆڕان، ئەوەشی ڕوون کردەوە: "وەفدەکەی پارتی ھیچ پڕۆژەیەکیان نەخستوەتە بەردەم وەفدی بزووتنەوەی گۆڕان، بەڵکو ئێمە چاوەڕێ دەکەین پارتی پڕۆژەی خۆی ھەبێت بۆ چۆنیەتی جێبەجێکردنی پێشنیارەکانی بارزانی".



گوتیشی: "چاوی ڕاگەیاندن ‌و ھێزو لایەنە سیاسییەکان، تەنانەت نوێنەری وڵاتانیش لەسەر کۆبونەوەی نێوان پارتی ‌و گۆڕانە، ئەمەش بەھۆی ئەوەیە ئەو دوولایەنە خاڵی ناکۆکیان لەسەر سیستەمی حوکمڕانی ھەرێمی کوردستان، ھەیە".



ئسماعیل نامیق، ئەوەشی بۆ (باسنیوز) خستەڕوو: "پارتی جەختی لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان کردوەتەوە، بێگومان ھەردولامان گفتوگۆی جدیمان لەسەر چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشەکان کرد، ھەروەھا گلەی و گازندەمان ئاڕاستەی یەکتری کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا تێڕوانینمان لەسەر ئەوە ھەبوو، کە ئێمە چۆن بتوانین کێشەکان چارەسەر بکەین، یەکێک لە سوودەکانی کۆبونەوەکەش ئەوەبوو، کە ماوەی ساڵێکە ساردی کەوتوەتە نێوان پەیوەندییەکانی گۆڕان و پارتی، بەڵام ئەم کۆبوونەوەیە توانی بەستەڵەکی تووڕەیی نێوان پارتی و گوڕان بتوێنێتەوە، بۆیە ھیوادارین بەھۆی ئەم کۆبوونەوەیە و کۆبوونەوەکانی ئایندە ھەموومان ھەنگاوی جدی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بنێین".
BAS NEWS -
Top