نێچیرڤان بارزانی و وەزیرانی دەرەوەی لۆکسەمبۆرگ، بەلجیکا و ھۆڵەندا کۆبوونەوە
ئەمڕۆ "نێچیرڤان بارزانی" سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، پێشوازی لە "جان ئەسیلبۆرن" وەزیری دەرەوەی لۆکسەمبۆرگ، "دیدیە ریندەرز" وەزیری دەرەوەی بەلجیکا و "بێرت کۆندرس" وەزیری دەرەوەی ھۆڵەندا و شاندێکی یاوەریان کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا کە "قوباد تاڵەبانی" جێگری سەرۆک وەزیران و ژمارەیەک لە وەزیر و بەرپرسانی دیکەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان بە سەردانی ھەرێمی کوردستان دەربڕی. باسیان لەوەش کرد کە لە سەردانە مەیدانییەکانیاندا بۆ بنکەکانی مەشق و ڕاھێنان، ھەماھەنگیی باشی نێوان پسپۆڕ و ڕاھێنەرانی بیانی و پێشمەرگەیان بینیوە، ھەروەھا پێکەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینیی ھەرێمی کوردستان و حەواندنەوەی ژمارەیەکی زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆریان لەلایەن خەڵکی ھەرێمی کوردستانەوە، بەرز نرخاند و بە پێویستیشیان زانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەمبارەیەوە زیاتر ھاوکار بێت.
ھەروەھا ڕێز و پێزانینێکی تایبەتیان بۆ خواستەکانی خەڵکی کوردستان لە ھەمو ڕوویەکەوە دەربڕی و قوربانیدانی پێشمەرگەیان لە شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش بەرز نرخاند. باسیان لەوەش کرد کە پێویستە پلانێکی گشتگیر لە نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا و ھاوپەیماناندا ھەبێت بۆ قۆناغی دوای داعش لە ڕووی سەقامگیری و ئاسایش و ئاوەدانکردنەوە و گەڕاندنەوەی متمانە لەنێوان پێکھاتە جیاوازەکانی ناوچە ئاوادکراوەکاندا.
تۆکمەکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و وڵاتانی لۆکسەمبۆرگ و بەلجیکا و ھۆڵەندا و پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا، لایەنێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو و لەمبارەیەشەوە شاندی میوان پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدایان لە ڕووی سەربازییەوە بە باش وەسف کرد. ھیواشیان خواست ھەرێمی کوردستان لە ڕووی ئابووریەوە زیاتر پێشکەوتن و سەقامگیری بەخۆیەوە ببینێت و ئامادەییی وڵاتەکانیشیان بۆ ھاوکارییکردنی ھەرێمی کوردستان لەمڕووەوە نیشان دا.
لای خۆیەوە سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و ھاوکارییەکانی وڵاتەکانی بەلجیکا و ھۆڵەندا و لۆکسەبۆرگ لە ڕووی سەربازی و مرۆییەوە بۆ ھەرێمی کوردستان کرد و ھیوای بەردەوامیی ھاوکارییەکانی خواست. ئاماژەی بەوەش دا کە لە ڕووی سەربازییەوە ھەماھەنگی و ھاوکارییەکی باش لە نێوان ھەولێر و بەغدا ھەیە، بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە ھێشتا وەک پێویست نییە و ئامادەیی ھەرێمی کوردستانیشی بۆ چارەسەرکردنی کێشە ھەڵواسراوەکان لەگەڵ بەغدا بە ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ نیشان دا. بە مافی ھەرێمی کوردستانیشی زانی چارەسەرێکی ھەمیشەیی بۆ چارەنووسی خۆی لە چوارچێوەی دیالۆگ لەگەڵ بەغدا و دوور لە توندوتیژی، بدۆزێتەوە.
سەبارەت بە ڕەوشی مووسڵ و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستانی داعشیش، ڕایگەیاند ھێزی پێشمەرگە بۆ ڕزگارکردن و گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ ناوچەکانی دەورووبەری مووسڵ ڕۆڵێکی بەرچاوی ھەبووە و ھاوکار بووە لەگەڵ سوپای عێراق و بە پێویستی زانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە چوارچێوەی ھاوکارییەکانیان بۆ عێراق جەخت لەسەر بەشی ھەرێمی کوردستان بکەنەوە چونکە تا ئێستا لێی سوودمەند نەبووە. جەختی لەوەش کردەوە کە پێویستە لەگەڵ بەغدا پلانێکی ھەمەلایەنە بۆ جێگیرکردنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا و گێڕانەوەی متمانە بۆ پێکھاتە جیاوازەکان و گەڕاندنەوەیان بۆ زێدی باب و باپیرانیان لە داھاتوودا، ھەبێت.
دواتر قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان کورتەیەکی لەسەر بارودۆخی ئابووریی ھەرێمی کوردستان و ھۆکارەکانی ئەو قەیرانە داراییەی ڕووبەڕووی ھەرێم بووەتەوە و ئەو ھەنگاوەکانی حکوومەتی ھەرێم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکە کرد و دووپاتی کردەوە کە ئەمە دەرفەتێکی بۆ حکوومەت دروست کردووە پێداچوونەوە بە خۆیدا بکات. جەختیشی کردەوە کە پرۆگرامی چاکسازیی کارگێڕی و ئابووری بە ھەماھەنگی لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی لەئارادایە و ئەو ھەنگاوانەشی خستە ڕوو تا ئێستا لە بواری چاکسازیدا نراون.
payamner -
