سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی و لێپرسراوی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ناوەرۆکی کۆبوونەوەکەیان خستەڕوو
سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی و لێپرسراوی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە پرێسکۆنفرانسێکی ھاوبەشدا رۆشنایان خستە سەر ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی نێوانیان و، لە دەسپێکدا (مەلا بەختیار) ئاماژەی بەوەدا یەکێتی پێشتر پرۆژەیەکی ھەبووە و لە داھاتووشدا پرۆژەیەکی دیکە ئامادە دەکەین و پشت بە پرۆژەکەی پیشوومان دەبەستین بە دەستکارییەوە.ھاوکات (فازڵ میرانی) رایگەیاند کە، ئێمە ھاتووین لەگەڵ ھەموو حزبەکان پرۆژەکەی (بارزانی) کە پرۆژەی ئێمەیە بکەینە پرۆژەیەکی ھەمە لایەنە بۆ دۆزینەوەی میکانیزمەکانی جێبەجیکردنی و خۆشبەختانە ھەموو لایەنەکان پێشوازییان لێ کرد.
پاش کۆبوونەوەی ئەمڕۆ دوو شەممە لە نێوان ھەر دوو شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە شاری سلێمانی، ھەر یەکە لە (فازڵ میرانی) سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و (مەلا بەختیار) لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییان ساز کرد.
لە سەرەتای کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا (مەلا بەختیار) رایگەیاند، کۆبوونەوەکەمان باش بووە، دوای شەش مانگ لە ئەنجامنەدانی کۆبوونەوەی فەرمی کۆبووینەوە و قسەمان لەسەر پەیامەکەی (بارزانی) و پێوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی و نێوان ھەموو لایەنەکان و بارودۆخی گوزەرانی خەڵک و سەرجەم کێشەکانی ھەرێم کردووە و باس و گفتوگۆکان پۆزەتیڤ بوون و ھەموو ئەو کێشانە باسکراوە کە لە ھەرێمی کوردستان باس دەکرێت و لەم کۆبوونەوەیەشدا ھیچ بڕیارێک نەدراوە".
پاشان (فازڵ میرانی) رایگەیاند، پەیامەکەی (سەرۆک بارزانی) پەیامی ئێمەیە و لەگەڵ یەکێتی مێژوویەکی ھاوبەشمان ھەیە و جوگرافیامان ھەیە و ھەر دووکیان یەکدەگرنەوە، لە دەستکەوتەکان ھەموومان ھاوبەشین و لە کێشەکانیش پارتی و یەکێتی بەرپرسیارییەتیمان زیاترە و بێ کۆبوونەوەش بەردەوام لەسەر ھێڵ بووین و قسەمان لەگەڵ یەک کردووە.
جەختیشی کرد کە " کار بۆ ئەوە دەکەین پاش ئاشتەوایی بچینە قۆناغی رێککەوتنەکان بێ فەرزکردنی ئیرادە بەسەر یەکتردا.
ئێمە ھاتووین لەگەڵ ھەموو حزبەکان پرۆژەکەی (بارزانی) کە پرۆژەی ئێمەیە بکەینە پرۆژەیەکی ھەمە لایەنە بۆ دۆزینەوەی میکانیزمەکانی جێبەجیکردنی و خۆشبەختانە ھەموو لایەنەکان پێشوازییان لێ کرد.
ھەروەھا (مەلا بەختیار) گووتی، پەیامەکەی (بارزانی) کارێکی جوان و باشە و لەم کۆبوونەوەدا ھیچ بڕیارێک نەدراوە و چاوەروانین برادەرانی پارتی بچن گۆڕان ببینن و لە بارەی چۆنییەتی کارکردن بۆ دۆزینەوەی ئالییەتەکانی جێبەجێکردنی گۆڕانکارییەکان قسە بکەن، چونکە پەیامەکەی گۆڕانیش باش بووە کە ئامادەیی دەربڕیووە دەستبەرداری پۆستی سەرۆکی پەرلەمان ببێت.
ئاماژەیشی دا" یەکێتی پێشتر پرۆژەیەکی ھەبووە و لە داھاتووشدا پرۆژەیەکی دیکە ئامادە دەکەین و پشت بە پرۆژەکەی پیشوومان دەبەستین بە دەستکارییەوە.
payamner -
