چاودێرێکی سیاسی: پەکەکە و هەندێک لە لایەنگرانی گۆڕان دژی کوردستانێکی سەربەخۆن
ئەمڕۆ دووشەممە 19\12\2016، سۆران سێوکانی، چاودێری سیاسی و توێژەر لە بواری ئیسلامی سیاسی، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، لە نووسینێکدا بەناوی (کێن ئەوانەی دژی کوردستانێکی سەربەخۆن)، ئەوەی بڵاو کردەوە، ئەو کەسانەی کە دژی سەربەخۆیین، سێ جۆرن کە بە گوتەی ئەو، کۆمۆنیستیی کرێکاری جۆرێکیانە.
هەروەها ئەوەی ڕوون کردووەتەوە: ”پەکەکە و هەوادارانی دژی هەرێمی کوردستانی باشوورن، چونکە خۆیان دەسەڵاتیان بەسەریدا نییە و هەر شتێک هی خۆیان نەبێت، دەیانەوێت وێرانی بکەن“. دەشڵێت: ”جگە لە هاوپەیمانێتیی پەکەکە و ئێران کە کاریگەری لەسەر ئەو هەڵوێستەیان هەیە“.
سێوکانی ئەوەی نەشاردووەتەوە کە هەندێک لە ئەندامانی بزووتنەوەی گۆڕانیش لە دژی سەربەخۆیی کوردستانن و ڕای گەیاندووە: ”لە ڕاستیدا ئەوانیش دژ نین، بەڵکوو لە کاردانەوەیاندا بۆ ململانێی پارتی، ئەو ڕێگە هەڵەیەیان گرتووەتە بەر“.
