وەزیرانی دەرەوەی بەنەلۆکس: بۆ سەقامگیریی ئایندە پشتیوانی کوردستان دەکەین
ئەمڕۆ دووشەممە 19\12\2016، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی بەنەلۆکس (بەلجیکا، هۆڵەندا و لۆکسمبۆرگ) لە شاری هەولێر، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند: ”بەناوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەخێرهاتنی وەزیرانی دەرەوەی بەنەلۆکس دەکەین. سەردانی ئەوان لەم کاتەدا بۆ هەرێمی کوردستان بە پشتیوانیکردنی خۆمان دەبینین، هەم لە پرسی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و هەم لە پرسی هاوکاریکردنی ئاوارەکان و لێقەوماوان“. ئەوەشی ڕوون کردەوە: ”لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا، سوپاسی هاوکارییەکانی ئەو وڵاتانەمان کرد. هەروەها باسمان لەوە کرد کە چۆن دەتوانن زیاتر لە پرسی ئەو ریفۆرمانەدا هاوکار بن کە لە هەرێمی کوردستان دەستمان پێ کردووە“.
لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا، جین ئەسێل بۆرن، وەزیری دەرەوەی لۆکسمبۆرگ ئاماژەی بەوە کرد: ”ئێمە دەزانین ئێوە لە چ بارودۆخێکداین. ئەمڕۆ زۆر خەڵکمان بینی کە ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردبوو. ملیۆنێک و 500 هەزار ئاوارەی ناوخۆیی عێراق و 250 هەزار ئاوارەی سووریا لە هەرێمی کوردستانن. هەروەها دەزانین کە 50٪ی ئاوارەکانی عێراق لە هەرێمی کوردستانن. بۆیە ئێمە بە ناوی هەموو یەکێتیی ئەورووپا لێرەین کە پشتگیریمان بۆتان دووپات بکەینەوە و سوپاستان بکەین کە پێشوازیتان لەو هەموو ئاوارەیە کردووە“.
جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەوان دەزانن هەرێمی کوردستان لە ڕووی پێکەوەژیان و یەکتر قەبوڵکردنەوە زۆر دەوڵەمەندە، بۆیە بەلایانەوە هەرێمەکە گرنگیی خۆی هەیە.
ئەوەشی ئاشکرا کرد: ”ئێمە ئەمڕۆ پرسی دابەزینی نرخی نەوتمان باس کرد، جگە لە باسکردنی پرسی گەیشتنی هەرێمی کوردستان بە بازاڕی نێودەوڵەتی تا بتوانن قەرز وەربگرن“.
لە لایەن خۆشیەوە دیدیەر ڕەیندەرس، وەزیری دەرەوەی بەلجیکا، وێڕای دەربڕینی پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە کرد: ”پشتیوانیمان جارێکی دیکە دووپات دەکەمەوە، لەبەرامبەر ئەو بڕیارە بەهێزەی داوتانە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکان“. گوتیشی: ”بۆ بابەتی سەقامگیری لە دواڕۆژدا پشتیوانیتان دەکەین. لە دوای ئازادکردنی مووسڵیش پشتیوانیتان دەکەین و پێمان گرنگە کە هاوسەنگی لەنێوان پێکهاتەکان هەبێت و لە عێراقیش لەنێوان پێکهاتەکان“. ئەوەشی ئاشکرا کرد کە دەیانەوێت لە ڕووی بازرگانی و وەبەرهێنانەوە هاوکاری و پەرەپێدانی دوو لایەنەیان لەگەڵ کوردستاندا هەبێت. دووپاتیشی کردەوە: ”لە ئایندەیەکی نزیکدا بیر لەوە دەکەینەوە کە کونسوڵێکی فەخری لە هەولێر دەستنیشان بکەین“.
هەر لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا، ڤان بوتنلانس، وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا، ئاماژەی بەوە کرد: ”سوپاسی ئەو دۆستایەتییە بەهێزەی نێوان هۆڵەندا و هەرێمی کوردستان دەکەم. چەند خاڵێک هەیە کە یەکێک لەوانە ئاسایشە، وەک هۆڵەندا ڕاوێژکارمان لە کوردستان هەیە کە مەشق و ڕاهێنان بە پێشمەرگە دەکەن. لە نزیکەوە دیدارمان لەگەڵ ئەو پێشمەرگانە ئەنجام دا“.
شاندەکەی بەنەلۆکس دوێنێ یەکشەممە 18\12\2016، گەیشتنە بەغدای پایتەختی عێراق و دواتریش شاندەکە گەیشتنە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان.
ساڵی 1944 هەرسێ شانشینی بەلجیکا، هۆڵەندا و لۆکسەمبۆرگ رێککەوتنێکی ئابوورییان واژوو کرد، لە ساڵی 1960، ئەو سێ وڵاتە رێککەوتنەکەیان گۆڕی و یەکێتیی بەنەلۆکسی ئابوورییان پێکهێنا.
باسنيوز
