فازڵ میرانی: بەشێک لە کێشەکانی ئێستای هەرێمی کوردستان بە سیاسی کراون

 فازڵ میرانی: بەشێک لە کێشەکانی ئێستای هەرێمی کوردستان بە سیاسی کراون
سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتیی کوردستان ڕای گەیاند، بەشێک لە کێشەکانی ئێستای هەرێمی کوردستان لەلایەن حزبەکانەوە بە سیاسی کراون و لەدژی یەکتر بەکاریان هێناوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 19\12\2016، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ مەلا بەختیار، لێپرسراوی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی کە سەرۆکایەتیی شاندی حزبەکەی دەکات بۆ لای لایەنە سیاسییەکان، ڕای گەیاند: ”خۆشحاڵ بووین بە سەردانەکەمان، خۆشحاڵتر دەبووین ئەگەر منداڵەکان لە قوتابخانەکان بوونایە، ئەمە دوا کۆبوونەوە نابێت، بەڵکو لەگەڵ یەکێتی کۆبوونەوەی دیکە دەکەینەوە، چونکە ئێمە و یەکێتی مێژووێکی هاوبەشمان هەیە“.

ئەوەشی ڕوون کردەوە: ”دەستکەوتەکان هەموومان لێی هاوبەشین، بەڵام لە کورتهێناندا بە دروستی، یەکێتی و پارتی بەرپرسن، ئەمە وادەکات گرنگییەکی دیکە بەم کۆبوونەوەیە بدەین. ڕاستە 6 مانگ و چەند ڕۆژێکە کۆبوونەوەمان نەکردووە، بەڵام هەمیشە لەگەڵ یەکدی ئاگامان لەیەکتر بووە“.

فازڵ میرانی دووپاتی کردەوە: ”هەموومان هەست بەوە دەکەین کە میللەتەکەمان لە قۆناغێکی هەستیار دایە، ڕاستە بودجە و مووچە نییە، بەڵام هەلومەرجێکی نێودەوڵەتی و هەرێمی بۆ دۆزی کورد هاتووەتە پێشەوە. جاران دەترساین حکوومەتەکان موساوەمە لەسەر ئێمە بکەن، ئێستا حکوومەتەکان حیساب بۆ کورد دەکەن. بۆیە ئەم کۆبوونەوەیە کۆبوونەوەی دیکەی لە دوایە، پڕۆژەکەمان پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە کە هەموو حزبەکان بە ئیجابی بۆی هاتوون“.

لەبارەی درێژکردنەوەی کۆبوونەوەی نێوان لایەنەکان تا بەهاری داهاتوو، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی باسی لەوە کرد: ”حەز ناکەم تا مانگی سێ ئەنجامی کۆبوونەوەکانمان درێژە بکێشێت، ڕاستە دەمانەوێت پەلە نەکرێت تا ئەنجامەکان باش بن، بەڵام ئەوەندە درێژ نەکرێتەوە“.

ئەوەشی ئاشکرا کرد: ”کێشەکان بەشێکیان بە سیاسی کراون، بابەتی بودجە و مووچە و خوێندن، حزبەکان لەدژی یەکدی بەکاریان هێناوە. ئایندەی میللەتێک لەسەر خوێندن دروست دەکرێت، لەپێناو سیاسەتدا زیانمان لە خۆمان داوە. مامۆستایەک دەتوانێت لە زاخۆ و بەردەڕەش و شارەکانی دیکە دەوام بکات، بۆچی مامۆستایەک لە سلێمانی ناتوانێت ئەمە بکات؟ لەبەر ئەوەی بابەتەکە بە سیاسی کراوە“.

ئاماژەشی بەوە کرد: ”هەمو میللەتێک لە نەتەوە یەکگرتووەکان ناسنامەی هەیە، بەڵام کورد نیەتی، دەبێت هەموو کوردێک هەست بەو کێشەیە بکات“.










باسنيوز
Top