مەلا بەختیار: ئۆپۆزیسیۆن داواکاریی خۆپیشاندەرانی بە مەرامی سیاسیی بەستەوە
رۆژی دووشەممە 19ـی کانوونی یەکەمی 2016، شاندێکی باڵای پارتی بە سەردانێک گەیشتە شاری سلێمانی و لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، لەگەڵ شاندێکی باڵای یەکێتی کۆ بووەوە.
مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دوای کۆبوونەوەکەیان، رایگەیاند، کۆبوونەوەکەیان ”باش“ بووە بۆ چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەناوخۆییەکانی کوردستان.
مەلا بەختیار بە ئاماژەکردن بەوەی، کە لە کۆبوونەوەکەدا لێکتێگەیشتن لە نیوان هەردوو حزب دروست بووە و هیواشی خواست ئەو لێکتێگەیشتنە ببێتە هۆکارێک بۆ ”کەمکردنەوەی کێشەکان و گەیشتن بە خاڵە هاوبەشەکان“.
لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی هەروەها رایگەیاند، کە شاندی باڵای هەردوولا وێڕای دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ کێشەکان، باسی رێککەوتنی ستراتیژیی نێوان پارتی و یەکێتیشیان کردووە.
مەلا بەختیار پێیوایە بەستنەوەی مەرام و رقی سیاسیی ئۆپۆزیسیۆن بە داواکاریی هاووڵاتییان و خۆپیشاندەران ”هەڵەیەکی گەورەیە“.
باسنيوز
