فوئاد مەعسوم یاسای حەشدی شەعبی پەسەند دەکات
دوای پەسەندکردنی پرۆژەیاسای میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە پەرلەمانی عێراقەوە، پەرلەمان یاساکەی رەوانەی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق کرد بۆ پەسەندکردنی.
بەپێی بەیاننامەیەکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق، رۆژی دووشەممە 19ـی کانوونی یەکەمی 2016، فوئاد مەعسوم، سەرۆک کۆماری عێراق یاساکەی پەسەند کردووە و بەمەش حەشدی شەعبی بوو بە هێزێکی فەرمیی عێراقی.
پەسەندکردنی یاسای حەشدی شەعبی لەلایەن فوئاد مەعسومەوە لە کاتێک دایە، کە زۆرینەی گەلی کوردستان و هێزە سیاسییەکان پێیانوایە، کە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی مایەی هەڕەشەن بۆ گەلی کوردستان.
نزیکەی 10 رۆژ پێش ئێستاش، قەیس خەزعەلی، سەرۆکی میلیشیای عەسایب ئەهلی حەق، کە یەکێکە لە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی هەڕەشەی لە هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند، کە دوای کۆتایی هێنان بە رێکخراوی توندڕەوی داعش، میلیشیاکەی هێرش دەکاتە سەر هەرێمی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.
دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق، عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق فەتوای دروستکردنی میلیشیای حەشدی شەعبی دا، تاوەکو شوێنی سوپای عێراق بگرێتەوە.
