وەک قۆناغی یەکەم دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵدەوەشێتەوە
ئەمڕۆ دووشەممە 2016 -12- 19 شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەردانی شاری سلێمانی دەکات و دوای کۆوبونەوەی لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان، لەگەڵ بزووتنەوەی ئیسلامیش کۆ دەبێتەوە، عەبدوڵا وەرتی، گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان، ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ شاندی پارتی سەردانی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان دەکەن، ئێمەش کۆمەڵێک خاڵ و تێبینیمان ئامادە کردووە، پێیمان وایە لەو رێگەیەوە، چارەسەری قەیرانەکان دەکرێت لە هەرێمی و هێزە سیاسییەکان دەکەونە رێککەوتن بۆ تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان”.
عەبدوڵا وەرتی گوتیشی: "قسەی خۆمان ڕاشکاوانە بە پارتی دەڵێین، پێش ئەوەی بێن بۆ لامان کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی دەکەین، قسەی خۆمان بە پارتی دەڵێین". گوتیشی: "لەپێناو بەرژەوەندیی نەتەوەیی دەبێت سەرجەم لایەنەکان سازش بۆ یەکتری بکەین، پێشمان وایە پەیامی بارزانی دەروازەیەکی باشە و پێشنیارێکی گونجاوە بۆ ئەوەی کێشەکانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێن و ببێتە بنەمایەک بۆ گفتووگۆ لایەنەکان".
ئەوەشی خستەڕوو بزووتنەوەی گۆڕان پێشوازی لە پەیامەکەی سەرۆك بارزانی و شاندەکەی پارتی دەکات، بڕیاریشە قسە لەسەر پرسی هەڵوەشاندنەوەی هەر سێ پۆستە سیادییەکە بکرێت، دەبێت ئەو پرسە بە گفتووگۆ چارەسەر بکرێت، و ئەگەر لایەنەکان ئیرادەیان بەهێز بێت، گرنگ نییە کام دەستە سەرەتا هەڵدەوەشێتەوە."
بەپێی زانیاریەكان، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان وەک قۆناغی یەکەم هەڵدەوەشێتەوە، عەبدوڵا وەرتی دەڵێت: "هەموو بڕیارەکان دەبێت لە ڕێگەی پەرلەمان یەکلا ببێتەوە و دەبێ هەموو گۆڕانکارییەکان لە پەرلەمانەوە بگۆڕدێت."
باسنیوز
