سەفین دزەیی: یاساى بودجەى ساڵى ٢٠١٧ی عێراق، بەهیچ شێوەیەک سوود بە هەرێمى کوردستان ناگەیەنێت

سەفین دزەیی:  یاساى بودجەى ساڵى ٢٠١٧ی عێراق، بەهیچ شێوەیەک سوود بە هەرێمى کوردستان ناگەیەنێت
حکومەتى هەرێم جارێکى دیکە ڕایگەیاند، یاساى بودجەى ساڵى ٢٠١٧ی عێراق، بەهیچ شێوەیەک سوود بە هەرێمى کوردستان ناگەیەنێت و ڕەتیدەکەنەوە.

سەفین دزەیی وتەبێژى حکومەتى هەرێم بە ئاژانسى ئەنادۆڵى حکومەتى تورکیاى ڕاگەیاند "ئەو بەشە بودجە کەمەى بەغدا بۆ هەرێم دیاریکردووە بەشى دابینکردنى بودجەى موچەخۆران ناکات، لەبەرئەوە حکومەتى هەرێم داوا لە بەغدا دەکات بە شێوەیەکى باشتر مامەڵە لەگەڵ هەرێمى کوردستاندا بکات".

هەروەها وتى "تائێستا پەیوەندى نێوان هەولێر و بەغدا جێگیر نەبووە و هەمیشە باشى و خراپى بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام لەبەر ئەوەى بەشێکن لە عێراق پێویستە لە هەوڵەکانیان بەردەوام بین بۆ ئەوەی دانوستاندن و ڕێککەوتنى بەردەوام هەبێت لە نێوان هەردوولادا".

سەفین دزەیی ئاماژەی بەوەشدا، لەرابردوودا حکومەتی عێراق پابەندى ڕێککەوتنەکانى نێوانیان نەبووە و ئێستاش هیچ گەرەنتییەک نییە بۆ پابەندبوونى بەغدا بە ڕێککەوتنەکان لە رووى ئابوورییەوە لەگەڵ هەرێم.

وتەبێژى حکومەتى هەرێم دەشڵێت، دواى نەمانى داعش پێدەچێت گۆڕانکارى دیکە لەنێوان هەولێر و بەغدا بێتە ئاراوە، بەڵام "هیوادارین پەیوەندییەکانیان بەرەو باشتر هەنگاو بنێت، چونکە لەبەرژەوەندى هەردولاماندایە پەیوەندیەکان لە ئاستێکى باشدا بن".

ئەوەش لەکاتێکدا لەدوو کانونى یەکەمى ٢٠١٤ ڕێککەوتننامەى نەوتى نێوان هەرێم و بەغدا واژووکرا، بەوەى کە هەرێم ڕۆژانە ٥٥٠ هەزار بەرمیل لە هەرێم و کەرکوک ڕادەستى کۆمپانیاى سۆمۆ بکات، لەبەرامبەردا بەغداش پابەندبێت بە پێدانى بڕى لەسەدا ١٧ى بودجە بۆ هەرێم، بەڵام هەردوولا بەبیانوى جیاجیاوە پابەندى ڕێککەوتنەکە نەبوون.

ئەمساڵیش بەهەمان شێوە لە یاساى بودجەى ٢٠١٧ هەمان ڕێککەوتنەکەى هەرێم و بەغدا پەسەندکرا، پاش هەوڵێکى زۆرى چوار فراکسیۆنى (یەکێتى و گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو) لەبەغدا، حکومەتى هەرێمیش بانگهێشتى فراکسیۆنە کوردییەکان کردووە بۆ کۆبونەوە بەوتەى خۆیان تا بۆ فراکسیۆنە کوردییەکان ڕون بکەنەوە کە خۆیان داهاتیان چەندە و بەم شێوە ڕێککەوتنە چەندییان دەیتدەکەوێت، بەڵام هێشتا دیار نییە فراکسیۆنە کوردییەکان ئامادەى کۆبوونەوەکە دەبن یان نا.
Top