گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە توندی وەڵامی پەرلەمانتارێکی کۆمەڵی ئیسلامی دەداتەوە

 گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە توندی وەڵامی پەرلەمانتارێکی کۆمەڵی ئیسلامی دەداتەوە
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر، بە توندی وەڵامی پەرلەمانتارێکی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستانی دایەوە و بە دووری نەزانی کە ئەو پەرلەمانتارە بەرگری لە “کاری نایاسایی” بکات.



ڕائید هۆگر عەزیز، گوتەبێژی فەرمیی پۆلیسی هەولێڕ، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، لە ڕوونکردنەوەیەکدا بە ناوی (شەکرت شکاند کاک سۆران بە داخەوە)، ئاماژەی بەوە داوە: “ئەندام پەرلەمانێک کە هیچ لە شێوازی کارگێڕی و ڕێکاری یاسایی نەزانێت، چۆن ئەندام پەرلەمانێکە؟ چۆن ئەو دەنگدەرانەی کەوا دەنگیان پێ داوە، پەشیمان نابنەوە و ئاخ هەڵناکێشن لە بە فیڕۆچوونی دەنگەکانیان؟”. ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە ئەو پەرلەمانتارە بۆ ڕوونکردنەوەی یەک نووسراو، “چەندین هەڵە و قسەی هەڵەت و پەڵەتی کردووە کە کەسێکی نەخوندەواریش بێنی لەسەر شەقامەکان، ئەم بۆچوونە سەقەتە ناکات”.



گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر جەختی لەوە کردووەتەوە، ئەو نووسراوەی پەرلەمانتارەکەی کۆمەڵ ئاماژەی پێ دراوە، نووسراوی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێرە نەک بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر. دەشڵێت: “بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی خۆ نەبووەتە شارەوانی تاکو ڕەزامەندی لەسەر دابینکردنی پارچەیەک زەوی بۆ هۆڵێک بدات، بەڵکو تەنها کاری بەرگریی شارستانی نیشاندانی ڕەزامەندییە لەسەر سیستەمی ئاگر کوژێنەوە و دیزاینی هۆڵەکە، تاکو بزانێت تا چ ئاستێک توانای ئاسانکاری لەکاتی حاڵەتی نەخوازراو هەیە”.



لە بەشێکی دیکەی ڕوونکردنەوەکەدا، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە سۆران عومەر، پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان دەڵێت: “دیارە تۆ دیفاع لەکاری نایاسایی دەکەیت و ڕێگری لە کاری یاساییش دەکەیت، چونکە نەدەبوو تەجاوز بە هەق بزانیت و شێوازی یاساییش بە ناهەق”. پرسیاری ئەوەش دەکات: “بەداخەوەم کە تاکو ئێستا نەزانراوە لەلایەن ئێمەوە کە بەڕێزتان بەرپرسی کام لیژنەن لە پەرلەمان، لە باسی دارایی هەر جەنابتان لێدوان دەدەن، لەسەر نەوت، کارەبا، شارەوانی، ناوخۆ، پێشمەرگە، مافی مرۆڤ، ناوچە دابڕێنراوەکان، شەهیدان و ئەنفالکراوان.. هەر ئێوە قسە دەکەن، تەنیا ڕوونی بکەوە تۆ بەرپرسی چ لێژنەیەکی؟”.



هاوپێچ لەگەڵ ڕوونکردنەوەکەدا، ڕائید هۆگر عەزیز وێنەیەکی لەو نووسراوەی بەرگریی شارستانی بڵاو کردووەتەوە کە تێیدا بۆچوونی خۆیان لەبارەی پڕۆژەی هۆڵێکەوە خستووەتە ڕوو، بەڵام پەرلەمانتارەکەی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان لەبارەی نووسراوەکەوە ئاماژەی بەوە داوە کە پۆلیسی هەولێر داوای تەرخانکردنی زەوی کردووە.





باسنیوز
Top