دوو هەزار پێشمەرگەی عەرەب دەست بە مەشق دەکەن و فەرمانیش لە وەزارەتی پێشمەرگە وەردەگرن

 دوو هەزار پێشمەرگەی عەرەب دەست بە مەشق دەکەن و  فەرمانیش لە وەزارەتی پێشمەرگە وەردەگرن
دوو هەزار پێشمەرگەی عەرەب، کە بەشێکن لە هێزەکانی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەست بە مەشقە سەربازییەکان دەکەن.



موزاحیم ئەحمەد، گوتەبێژی هۆزە عەرەبییەکانی پارێزگای نەینەوا راگەیاند، ئەو لیوایە لەسەر فەرمانی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ عەرەبەکانی ناوچە کوردستانییەکانی پارێزگای نەینەوا دروست کراوە، کە خۆیان بە هاووڵاتیی کوردستان دەزانن.



موزاحیم ئەحمەد ئاماژەی بەوە دا، کە ئەرکی ئەو لیوایە، کە ئێستا لە سەربازگەیەکی پێشمەرگە دەستیان بە مەشقی سەربازی کردووە، پاراستنی ناوچەکانی سنووری رەبیعە، زوممار و ناوچەکانی نزیک شاری شنگال دەبێت و فەرمان لە وەزارەتی پێشمەرگە وەردەگرن.



دوای داگیرکاریی رێکخراوی توندڕەوی داعش، هاووڵاتییانی سنووری دەشتی نەینەوا بە کوردی شەبەک، کوردی ئێزدی، عەرەب و تورکمانەوە داوا دەکەن ناوچەکانیان بگەڕێنرێتەوە سەر هەرێمی کوردستان و لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، داوا دەکەن سەر بە کوردستان بن.



لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.









باسنیوز
Top