پەرلەمانتارێک: تۆمارکردنی سکاڵا لەدژی ئەوانە بەردەوامە کە بێڕێزی بە پێشمەرگە دەکەن
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، تائێستا بە بەردەوام سکاڵا لەدژی ئەوانە تۆمار دەکرێت کە بێڕێزی بە پێشمەرگە و کەسوکاری شەهیدان دەکەن و ئاشکرای کرد: “سەرجەم سکاڵاکانی تایبەت بە لێدوانەکانی سروە عەبدولواحیدی پەرلەمانتاری گۆڕان، وەک یەک دۆسیە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت”.
ئەمڕۆ یەکشەممە 18\12\2016، حەیات مەجید پەرخی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “تائێستا بەبەردەوام سکاڵا لەدژی سروە عەبدولواحید، پەرلەمانتاری گۆڕان تۆمار دەکرێت، بڕیارە دواتر دادگا سەرجەم سکاڵاکان کۆبکاتەوە و لەیەک پاکێجدا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت”.
ئەوەشی ڕوون کردەوە: “بەدەیان سکاڵا بەرزکراوەتەوە، بۆیە دەبێت داوا لە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بکرێت کە هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر ئەو پەرلەمانتارە بخرێتە دەنگدانەوە، ئەگەر ئەوەش نەکات، ئەو داوایە درێژە دەکێشێت بۆ دوای پەرلەمانتاری".
ئەوەشی خستەڕوو: کەیسەکە زۆر بە جددی کاری لەسەر دەکرێت و دەجوڵێنرێت، تا چوونە بەردەم دادگا، واز لەو کەیسە ناهێنرێت، بەڵام ڕادەوەستین تا دوا سکاڵا ڕەوانە بکرێت”.
لە ماوەی ڕابردوودا، سروە عەبدولواحید، پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان، بەبیانووی باسکردنی باری ژیانی کەسوکاری شەهیدانی پێشمەرگە، وشەی ”خۆ فرۆش“ی بۆ بەکارهێنان و دواتر کاردانەوەیەکی توند لە شەقامی کوردستاندا دروست بوو و سکاڵای یاساییشی لەدژ تۆمار کرا.
bas news-
