عوسمان ئۆجەلان: ئیدارەی نوێی ئەمەریکا زیاتر خۆی لە پرسی کورد و سەربەخۆیی و بارزانی نزیک دەکاتەوە
تا دێ ئیدارەی نوێی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتیی (دۆناڵد ترەمپ) لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا بە شێوەیەکی فەرمی نزیک دەبێتەوە و گەلانی دنیایش چاوەڕێی ئەمەن کە ئاخۆ لەسەر دەستی (ترەمپ) سیاسەتی دەرەوەی ئەم وڵاتە چ گۆڕانکارییەک بەخۆیەوە دەبینی، بە تایبەت کۆمارییەکان کە بایەخی زۆر بە سیاسەتی دەرەوە دەدەن، هەرێمی کوردستانیش لە ئێستادا بە دەستکەوتی سەرکەوتنی لە جەنگی دژ بە تیرۆر و پڕۆژەی سەربەخۆیی بۆ کوردستان خۆی ئامادەکردووە کە لە ناوچەکەدا بچێتە بەردەم ئەو گۆڕانکاریانەی کە روودەدەن.
پێوەست بەم پرسە، (عوسمان ئۆجەلان) سیاسەتمەداری باكووری کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، (دۆناڵد ترەمپ) کە لە پارتی کۆمارییەکانە پارتەکەی لە رابردوودا بایەخی زۆری بە پرسی کورد داوە، بە نموونە لە ساڵی ١٩٩١ سیاسەتی کۆمارییەکان پێوەست بە کورد زۆر بە ڕوونی دیار بوو ئەو کاتەی کە راپەڕین کرا و هەرێمی کوردستان دیاری کرا لە سەردەمی حوکمڕانیی کۆمارییەکان بوو کە هێڵی ٣٦ بۆ پارێزبەندیی هەرێمی کوردستان لە مەترسیی رژێمی ئەوکاتی عێراق دانرا کە (بووشی باوک) سەرکردایەتیی جەنگی دژ بە عێراقی کرد. دواتریش لە ٢٠٠٣ لە سەردەمی (بووشی کوڕ) دوای ئازادکردنی عێراق، پرسی سیستەمی فیدراڵی بۆ کورد لەدایک بوو و کە ئەمڕۆیش پێشبینی دەکرێ لە سەردەمی کۆمارییەکی دیکە کە (دۆناڵد ترەمپ)ـە پرسی سەربەخۆیی بە تەواوەتی ببێتە دیفاکتۆ و کورد بەرە و دەوڵەت هەنگاو بنێ.
سیاسەتمەدارنی کورد و جیهانی ئاماژە بەوەدەکەن کە ئێستا کاتێکی گونجاوە کورد لەژێر سەرکردایەتیی (سەرۆک بارزانی) بیر لە سەربەخۆییی کوردستان بکاتەوە، هەروەک چەندین کەسایەتیی سیاسی جیهانی لە دیداری زانکۆی ئەمەریکایی کوردستان-دهۆک، جەختیان لەوە کردەوە کە ئێستا کاتی سەربەخۆییە بۆ کوردستان.
(عەسمان ئۆجەلان) باوەڕی وایە، ئێستا هەرێمی کوردستان کە باسی سەربەخۆیی دەکات بە تایبەت هەوڵەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی دیاریکردنی چارەنووسی گەلی کوردستان بە ئاشکرا لە جیهاندا دەبیندرێ و ئیدارەی نوێی ئەمەریکا زۆر بە گرینگییەوە لەو هەوڵانەی (بارزانی) و هێزەکانی پێشمەرگە دەڕوانێت؛ پێوەندییەکی زۆرباش لە نێوان ئیدارەی نوێی ئەمەریکا و سەرۆکی هەرێکی کوردستان هەیە، بۆ ئێستای ئەمەریکایش پێگەی هەرێمی کوردستان زۆر گرینگە، بۆیە پێشبینی دەکرێ کە ئەمەریکا لە قۆناخی داهاتوودا خۆی پشتیوانیی تەواو لە سەربەخۆییی کوردستاندا بکات.
ئەم سیاستەمەدارەی کورد زیاتر ئاماژەکانی پشتگیریی ئیدارەی نوێی ئەمەریکای بۆ کوردستان روون کردەوە کە بە ئاشکرا دەبیندرێ ئیدارەی نوێی ئەمەریکا بەتایبەت سەرکردەکانیان زۆر خۆیان لە پرسی کورد نزیک دەکەنەوە، بۆیە لەسەر ئەم بنەمایەدا مژدەیەک هەیە کە کۆمارییەکان لە سێیەمین دەستەڵاتی حوکمڕانییان: (مەبەست لێی لە سەردەمی بووشی باوک دواتر بووشی کوڕ و ئێستاش دۆناڵد ترەمپ) کوردستان بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو بنێ؛ خۆ راستە پرسی سەربەخۆیی پرسێکی ناوخۆییە، بەڵام پشتیوانیی وڵاتێکی گەورەی وەک ئەمەریکا بۆ کوردستان زۆر گرینگە، هەر وڵاتێکی دیکەش کە پشتگیری لە کوردستان بکات هەر گرینگە.
)عوسمان ئۆجەلان) بۆ هەموو کوردانی چوارپارچەی کوردستان دیاری دەکات کە (بارزانی) توانیویەتی کیانی هەرێمی کوردستان زۆر بەهێز بکات، نەشبێتە چەکوشوەشێنی هیچ لایەنێک و باڵانسێکی دیپلۆماسی بەهێز رابگرێت، بۆیە مانەوەی کوردستان بەم سیاسەتە وایکردووە کە ئەورووپا و ئەمەریکا و هاوپەیمانان هەوڵ بدەن هاوکاریی راستەوخۆ پێشکەشی هەرێم بکەن نەوەک لە رێگەی بەغداوە هاوکاری بگاتە هەرێمی کوردستان؛ ئەمەش واتایەکی گرینگی هەیە، کە ئەو جۆرە مامەڵەکردنەی ئەمەریکا و ئەورووپا و هاوپەیمانان دڵنیاییە بۆ سەربەخۆیی و بۆ دژی هیچ هێزێکی دیکە و بۆ مەرامی سیاسی و نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی ئەم کارە ناکەن، تەنیا ئامانج لێی بۆ پێشکەوتنی کوردستان ئەم مامەڵەیە دەکرێت.
kdp-
