گوتهبێژی حكوومهت: یاساى بودجەى 2017 رەت دەکەینەوە
(سەفین دزەیی) بۆ ئاژانسى ئانادۆڵوی توركیایی باسی لە پەسەندکردنى بودجەى گشتیی عێراق ساڵى 2017 کردووه و گوتی: "بەداخەوە ئەو بەشەبودجە کەمەى بەغدا بەسەر هەرێمى کوردستانیدا سەپاندووە بەشى دابینکردنى بودجەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان ناکات، بۆیە یاساى بودجەى ساڵى 2017 بەهیچ شێوەیەک سوود بە هەرێمى کوردستان ناگەیەنێت و رەتی دەکەینەوە، لە پێناو بەرژەوەندیى هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستان حکوومەتى هەرێم داوا لە حکوومەتى عێراق دەکات بە شێوەیەکى باشتر مامەڵە لەگەڵ هەرێمى کوردستان بکات".
(سەفین دزەیی) گوتیشی: "لە دووی کانوونى یەکەمى ساڵى 2014دا رێککەوتنى حکوومەتى هەرێم و حکوومەتى عێراق لەلایەن ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق پەسەند کرا و دواتر بوو بە بەشێک لە یاساى بودجە 2015، بەڵام حکوومەتى عێراق لە کۆتایی ساڵى 2014 و سەرەتاى ساڵى 2015وە نەک تەنها پابەندى رێککەوتننامە ئابوورییەکان نەبووە لەگەڵ هەرێمى کوردستان، بەڵکو بودجە و مووچەى خەڵکى کوردستانیان بڕی، حکوومەتى هەرێم تا کۆتایی بەشى یەکەمى ساڵى 2015 پابەندى رێککەوتن بوو لەگەڵ بەغدا و نەوتى هەرێممان رادەستى بەغدا کرد، کەچى بەداخەوە بەغدا پابەندى رێککەوتنەکە نەبوو، ئێستایش بە هەمان شێوە هیچ گەرەنتییەک نییە بۆ پابەندبوونى بەغدا بە رێککەوتنەکان لە رووى ئابوورییەوە لەگەڵ هەرێم".
گوتەبێژى فەرمیى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، نەیشاردەوە کە پەیوەندى نێوان هەولێر و بەغدا جێگیر نەبووە و گوتى: "پەیوەندى نێوان هەرێمى کوردستان و عێراق هەمیشە باشى و خراپى بەخۆیهوه بینیوە، بەڵام ئێمە لەبەر ئەوەى بەشێکین لە عێراق پێویستە لە هەوڵەکانمان بەردەوام بین بۆ ئەوەى دانوستاندن و رێککەوتنى بەردەوام هەبێت لە نێوان هەردوولا، بەڵکو دەرەنجام بگەین بە رێککەوتنێکى باش کە لە بەرژەوەندى هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستان بێت".
گوتەبێژى فەرمیى حکوومەتى هەرێمى کوردستان ئاماژەیشی داوه، کە پەیوەندییە ئابوورییەکانى نێوان هەولێر و بەغدا پێشوەچوونیان بەخۆیهوه نەبینیوە، ئەگینا حکوومەتى عێراق بەبێ بوونى هیچ کێشەیەک پایەندى رێککەوتنى سەربازى بووە لەگەڵ هەرێم. لە چوارچێوەى رێککەوتنە سەربازییەکانیشەوە سوپاى عێراق توانیان بە ناو خاکى کوردستان بچنە ناوچەکانى دەورووبەرى مووسڵ بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەى شارەکە، بەهۆى رێککەوتنە سەربازییەکەوە لە ئێستاشدا هەماهەنگییەکى باش لە نێوان هێزەکانى پێشمەرگە و سوپاى عێراق هەیە".
گوتیشی: "لەو قۆناغەى ئێستا هەرێمى کوردستان و عێراق پێیدا گوزەر دەکەن، ئەولەویەت ئەوەیە داعش لەناو بچێت، دواى نەمانى داعش پێ دەچێت گۆڕانکارى دیکە بێتە ئاراوە لە نێوان حکوومەتى هەرێم و حکوومەتى عێراق، هیوادارین پەیوەندییەکانمان بەرەو باشتر هەنگاو بنێت، چونکە لە بەرژەوەندى هەولێر و بەغدایە پەیوەندی و هەماهەنگییەکان لە ئاستێکى باشدا بن".
کردنەوەى نوێنەرایەتىی فەرمیى حکوومەتى هەرێم لە تورکیا
گوتەبێژى فەرمیى حکوومەتى هەرێمى کوردستان (سەفین دزەیی) بە بایهخیشهوه باسى لە پەیوەندى نێوان هەرێمى کوردستان و تورکیا کردووه و گوتى: "هەرێمى کوردستان لە کۆنەوە لەگەڵ تورکیا پەیوەندى هەبووە، پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ تورکیا لە ساڵى 1991 تا ساڵى 2003 لەبەر دۆخى سیاسى ناوچەکە و هەبوونى دەسەڵاتى رژێمى بەعس لە عێراق بە جۆرێکى تایبەت بووە، بەڵام لە دواى ساڵى 2003 پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و تورکیا ئەم قۆناغە تایبەتەى تێپەڕاند و بەرەو قۆناغێکى گرینگتر هەنگاوى نا".
سەبارەت بە کردنەوەى نوێنەرایەتیى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە تورکیا، (سەفین دزەیی) گوتی: "تورکیا رەزامەندیی خۆى دەربڕیوە نوێنەرایەتیى فەرمیى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەنقەرە بکرێتەوە، چەندین جاریشە داواى کردووە کە نوێنەرایەتیى حکوومەتى هەرێمى کوردستان دەستبەکار بێت لە تورکیا، بەڵام بەداخەوە بەهۆى ئەو قەیرانە داراییە سەختەى رووى لە هەرێمى کوردستان کردووە، لە تواناماندا نەبووە تا ئێستا نوێنەرایەتیی فەرمیى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە تورکیا بکەینەوە، ئەگەر ئەو قەیرانە دارایییە نەبووایە هەموو کارەکانمان تەواو کردووە تەنها ماوە کاتێک دەستنیشان بکەین بۆ رێوەڕەسمى کردنەوەى نوێنەرایەتیی فەرمیى حکوومەتى هەرێم لە تورکیا".
(سەفین دزەیی) تیشک دەخاتە سەر گرینگى کردنەوەى نوێنەرایەتیى فەرمیى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە تورکیا و دەڵێت "کردنەوەى نوێنەرایەتیى فەرمیی حکوومەتى هەرێم لە ئەنقەرە زۆر گرینگە بۆ پەرەپێدان بە پەیوەندى نێوان هەرێم و تورکیا، گرنگى تایبەتى دەبێت هەم لە رووى سیاسى و هەمیش لە رووى ئابوورییەوە، تورکیا کارەکانى خۆى تەواو کردووە بۆ کردنەوەى نوێنەرایەتیى فەرمى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، ئەوەى ماوە ئامادەکاریی زیاترى حکوومەتى هەرێمە بۆ ئەوەى نوێنەرایەتییەکى بەرچاو و سەرکەوتووانە بکاتەوە".
kdp-
