پێنجوێن.. ڕێگری لەو کۆمپانیایە کرا کە بەبیانووی پیسبوونی ئاوەوە فلتەری دەفرۆشت
قایمقامی شارۆچکەی پێنجوێن، ئاماژە بەوە دەدات کە کۆمپانیایەک بەناوی ئەوانەوە فلتەری فرۆشتوە، بۆیە لە ڕێگەی پۆلیسەوە ئەو کۆمپانیایە لەو کارەی ئاگادار کراوەتەوە و ڕێگری لێکراوە.
زانا ڕەحمان، قایمقامی شارۆچکەی پێنجوێن، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ماوەیەکە کۆمپانیایەکی تایبەت بەدانانی فلتەری ئاوی خواردنەوە بۆ ماڵان، لەناو شارۆچکەی پێنجوێندا، ھەوڵی فرۆشتنی فلتەری ئاو دەدات و گومان لەسەر پاک بوونی ئاوی ماڵان لای ھاووڵاتیان دروست دەکرد، بۆیە وەک قایمقامیەت و فەرمانگەی ئاوی پێنجوێن، ڕێگەمان نەداوە کە بەفەرمی و بەناوی ئێمەوە، فلتەر بفرۆشرێت، لە ڕێگەی بنکەی پۆلیسی پێنجوێنیشەوە کۆمپانیا ئاگادار کردەوە، کە بۆ ساغکردنەوەی بەرھەمەکانیان، پێویستە ھاووڵاتیان نەترسێنێت و فێڵیان لێنەکات".
قایمقامی پێنجوێن، ئەوەشی ڕوون کردەوە: "دڵنیایی دەدەینە ھاووڵاتیان، کە ئاوی خواردنەوەی ماڵەکانیان کە لەلایەن فەرمانگەی ئاوی پێنجوێنەوە سەرپەرشتیدەکرێت، ھیچ کێشەیەکی تەندروستی نییە و بەپێی ڕاپۆرتی چاودێری تەندروستی ئاوی پێنجوێن، ھیچ مەترسیەکی بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ نییە".
دەشڵێت: "ئێمە ناتوانین ڕێگەی کارکردن لە ھیچ کۆمپانیایەک بگرین، کە بەفەرمی ڕێگەپێدانی لەلایەن حکوومەتەوە ھەبێت، بەڵام ھاووڵاتیان خۆیان سەرپشکن لە کڕینی یان نەکڕینی ئامێرەکە".
bas news-
