ئاشتی هەورامی بەڵێنی داوه‌، کێشەی کارەبا لە سنووری سۆران چارە بکات

 	 ئاشتی هەورامی بەڵێنی داوه‌، کێشەی کارەبا لە سنووری سۆران چارە بکات
وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كان و كاره‌با به‌ وه‌كاله‌ت، به‌ڵێنی به‌ بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای سنووری سۆران و قایمقامەكانی ناوچەكە داوه‌، كێشه‌ی كارەبایان بۆ چاره‌ بكات.



(فەیسەڵ حوسێن) بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای سۆران بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، ''بۆ چارەکردنی کێشەی کارەبا لە سۆران، لەگەڵ قایمقامەکانی هەر سێ شارۆچکەی مێرگەسۆر و چۆمان و رواند لەگەڵ (ئاشتی هەورامی) کۆبووینەوە و ئەویش بڕیاری دا لەگەڵ سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران باسی کێشەی ناوچەکە بکات بۆ ئەوەی کلوپەلی پێوەست بەکارەبا دابین بکرێ.''



(فەیسەڵ حوسێن) دەشڵێ، ''كێشەی رۆژانەی كارەبا و سووتانی محاویلەكان و بەرگەنەگرتنی وێستگەکانە و هەموو ئەوانە كێشەن و، داوامان كرد ئەو كێشانەمان بۆ چارە بكەن، بەتایبەتی سووتانی محاویلەی كارەبا و زۆری بار لەسەر خەتەكان، بۆ ئەوەی ڤۆڵتییە باشتر بكرێت، لای خۆیشیەوە (د.ئاشتی هەوارمی) بەڵێنی دا کە کێشەکان چارە بکات.''



ئاماژەیشی دا، لە ئێستادا تەنیا ٦ سەعات کارەبای نیشتمانی هەیە، بەگوێرەی خشتە دەبێ ٨ سەعات کارەبا هەبێ، هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە زۆرێک لە یەکەی وەبەرهێنانی کارەبا کار ناکەن، هەروەها خواستی زۆریش لەسەر بەکارهێنانی کارەبا هەیە بەهۆی وەرزری سەرما، بۆیە داوایان کردووە کە بەزوویی کێشەکانیان بۆ چارە بکرێ تا هاووڵاتیانی ئەو سنوورەش وەک ناوچەکانی دیکە سوود لە کارەبا وەربگرن.

kdp-
Top