نەوزاد هادی: دژایەتیی خۆی بۆ ڕادەستکردنی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان بە بەغدا ڕاگەیاند

نەوزاد هادی: دژایەتیی خۆی بۆ ڕادەستکردنی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان بە بەغدا ڕاگەیاند

پارێزگاری ھەولێر، دژایەتیی خۆی بۆ ھەوڵەکانی ڕادەستکردنەوەی بەشێک لە دەسەڵاتەکانی ھەرێمی کوردستان بە بەغدا ڕاگەیاند و جەختی لەوە کردەوە کە خەڵکی کوردستان شایانی سەربەخۆین.

ئەمڕۆ یەکشەممە ١٨\١٢\٢٠١٦، نەوزاد ھادی، پارێزگاری ھەولێر، لە میانی وتەیەکیدا کە لە کەرنەڤاڵی قوتابییانی ھەردوو زانکۆی سەڵاحەدین و زانکۆی پۆلیتەکنیکیی ھەولێر پێشکەشی کرد، ڕای گەیاند: ”کێشەکانی کوردستان لە کوردستان چارەسەر دەکرێن، نا بۆ ڕادەستکردنەوەی سەروەری و دەسەڵاتەکانی ھەرێمی کوردستان بە بەغدا“.

بە پێویستیشی زانی، لایەنە سیاسییەکان، لە کوردستاندا کۆببنەوە و ”بە یەک ئیرادەی بەھێز، کێشەکان کێشەکان چارەسەر بکەن“. گوتیشی: ”ناکرێت میللەتێک ئەو ھەموو خەباتەی کردووە، دووبارە بچێتەوە بەردەستی ئاغاکەی تا بەڕێوەمان ببات“.

لە کۆتایی قسەکانیشیدا لەبارەی سەربەخۆیی کوردستان، نەوزاد ھادی ڕای گەیاند: ”خەڵکی کوردستان شایستەی سەربەخۆیین، خۆڕاگربوون و ھەنگاوی مرۆڤایەتییان ھەڵگرتووە. ئەم ئاڵایە بە خۆشەویستیی گەنجان، ھەر بە سەربەرزی دەمێنێتەوە“.

ئەمە لەکاتێکدایە کە لەم ماوەیەی دواییدا، ھەندێک لایەنی سیاسی بە بیانووی مووچەی فەرمانبەران، ھەوڵی بەپارێزگاکردنی سلێمانی لەلایەک و مامەڵەکردنی ڕاستەوخۆی بەغدا لەگەڵ پارێزگای سلێمانی و دھۆک لەلایەکی دیکەوە دەدەن.
payamner-
Top