گوتەبێژی پارتی: ھەنگاوەکان جدیتر دەبن, ئومێدمان ھەیە کێشەکان چارەسەر بکەین
مەحمود محەمەد گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، ھەنگاوەکان بۆ چارەسەری دۆخی ھەرێم و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ گۆڕان جددیترن.
گوتەبێژی پارتی رۆژی١٧ی کانونی یەکەمی ٢٠١٦ بە ئاژانسی ئەنادۆڵی ڕاگەیاند "لە ئێستادا زەمینەی زیاتر بۆ گفتوگۆکان رەخساوە و ئەو شێوە بیرکردنەوەی کە ئێستا ھەیە وەکو ئەوە نییە کە ساڵێک لەمەوبەر ھەبوو، بۆیە دەکرێت بڵێن ھەنگاوەکان جددییتر دەبن".
مەحمود محەمەد لەبارەی سەردانی پارتی بۆ لای لایەنەکان گوتیشی "ئیمە لای خۆمانەوە چونکە جددییەتمان ھەیە و لەلایەکی دیکەش سەرۆک بارزانی بەوپەڕی جددییەتەوە بە پێویستی دەزانێت کە ئەم بارودۆخە چاک بکرێت، بۆیە ئەگەر لە روانگەی خۆمانەوە سەیری ئەم بابەتە بکەین دەبێت خەڵکی دیکە جددییەتی ھەبێت بۆ ئەوەی چارەسەرییەکە بە ئەنجام بگات، بۆیە بەڵێ ئومێدمان ھەیە بتوانین کێشەکان چارەسەر بکەین".
دوای پەیامەکەی بارزانی بۆ چارەسەری دۆخی ھەرێم، پارتی بە شاندێک سەردانی چەند لایەنێکی کردووە و بڕیاریشە ڕۆژی دووشەممە سەردانی سلێمانی بکات بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ گۆڕان و یەکێتی و بزوتنەوە.
بزوتنەوەی گۆڕانیش وەک ئامادەکاریی بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ شاندی پارتی کۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی ئەنجامدا و دوای دەستنیشانکردنی شاندی گفتوگۆکانی خۆیان ڕایانگەیاند، کە ئامادەی ھەموو جۆرە کۆبونەوە و دانوستانێکن و بۆ کۆبوونەوەش لەگەڵ پارتیدا پڕۆژەیان ھەیە.
payamner-
