دیندار زێباری: لەمساڵدا٥٠ خۆپیشاندانی جیاجیا لە شاری هەولێر ئەنجام دراوە

دیندار زێباری: لەمساڵدا٥٠ خۆپیشاندانی جیاجیا لە شاری هەولێر ئەنجام دراوە

دیندار زێباری ڕایگەیاند بە سوود وەرگرتن لە یاسای خۆپیشاندان ساڵی 2016 تەنیا لە ماوەی ساڵی ٢٠١٦ نزیکەی (٥٠) خۆپیشاندانی جیاجیا لە شاری هەولێر ئەنجام دراوە و هاووڵاتیان داوای مافەکانی خۆیان کردووە.

ماوەیەکە لە میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس لە نەبوونی ئازادی بیروڕا و خۆپیشاندان لە هەرێمی کوردستان دەکرێت گوایە دام و دەزگا ئەمنییەکان رێگا نادەن بە خۆپیشاندانی ئاشتیخوازانەی هاووڵاتیان لە هەرێمی کوردستان و لە چوارچێوەی ئەو یاسا و رێنماییانەی کە تایبەت بەم بوارە لە هەرێمی کوردستان کاریان پێدەکرێت هەر تاکێکی هەرێمی کوردستان ئازادە لە ئەنجامدانی کاری میدیایی و دەربڕینی بیروڕای خۆی بە ئازادی لەوانەش ئەنجامدانی خۆپیشاندان.

لەم بارەوە د. دیندار زێباری سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند لە هەرێمی کوردستان خۆپیشاندان و گردبوونەوەی هاووڵاتیان بە یاسا رێکخراوە و لەم رووەوە بەپێی بڕیاری ژمارە (١٧)ی ساڵێ 2010، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە رۆژی 8ی کانوونی یەکەمی 2010 یاسای ژمارە (11)ی ساڵی ٢٠١٠ کە بە (یاسای رێکخستنی خۆپیشاندان لە هەرێمی کوردستان- عێراق) ناسراوە پەسەند کردووە، بەپێی ئەم یاسایە خۆپیشاندان مافێکی دەستوورییە بەپێی یاسا پیادە دەکرێ بۆ هەر تاکێکی کۆمەڵگا و لە میانەیدا جەماوەر گوزارشت دەکات لە رای خۆی و پیشاندانی خواستە رەواکانی خۆی بەشێوەیەکی ئاشتیانە و مەدەنیانە و پاراستنی بەرژەوەندییە گشتی و تایبەتییەکان و رەچاوکردنی پرەنسیپ و رێساکانی تایبەت بە ماف و ئازادییەکان دوور لە ئاژاوەگێڕی و تێکدان.

زێباری ئەوەشی خستە روو بەپێی ئەو رێوشوێنانە پێویستە بۆ ئەنجامدانی هەر خۆپیشاندانێک بە لایەنی کەم بەر لە ئەنجامدانی بە ماوەی (٤٨) کاتژمێر داواکارییەک پێشکەش بە لایەنی پەیوەندیدار کە بریتییە لە وەزیری پەیوەندیدار ئەگەر خۆپیشاندانەکە لەسەر ئاستی هەرێم بێت و سەرۆکی یەکەی ئیداری کە پارێزگار، قایمقایم، بەڕێوەبەری ناحیە دەگرێتەوە ئەگەر خۆپیشاندانەکە لەسەر ئاستی ناوچەیەکی دیاریکراو بێت، بە مەرجێک لە کاتی پێشکەش کردنی داوای خۆپیشاندان رەچاوی پشووی فەرمی بکرێت. و نابێ مەبەست لە خۆپیشاندان هاندانی گرووپێکی دیاریکراو بێت بە هۆی (ئایین، نەتەوە، رەگەز، یان هاندانی گرووپێک دژی گرووپێکی دیکە بێت)، لەلایەکی دیکەوە دەرچونی خەڵک بە کۆمەڵ بۆ گۆڕەپان و شوێنە گشتییەکان لە بۆنە نیشتیمانی و نەتەوەیی و ئایینی بەپێی نەریتی خۆجێی پێویستی بە وەرگرتنی مۆڵەت نییە.

سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان زیاتر وتی: بەپێی ئەم یاسایە هەموو هاووڵاتیان و ئەوانەی بەشێوەیەکی یاسایی لە هەرێمدا نیشتەجێن و پارتی سیاسی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و سەندیکا پیشەییەکان و یەکێتی و کۆمەڵە و رێکخستنی دیکە کە بەپێی یاسا مۆڵەتیان پێدراوە ئازادی رێکخستنی خۆپیشاندانیان هەیە دوای بەدەستهێنانی رەزامەندی و تێپەڕبوونی ماوەی یاسایی، هەروەها هەڵگرتن یان لە خۆ بەستنی چەک لەلایەن خۆپیشاندەران بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە تەنانەت ئەگەر ئەو کەسەی بەشداری لە خۆپیشاندانەکەدا دەکات مۆڵەتی هەڵگرتن یان بەستنیان هەبێت، لە هەمان کاتدا نابێ هیچ ماددەیەکی تەقەمەنی یان ژەهراوی یان سووتێنەر لە کاتی خۆپیشاندانەکە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە هەڵبگیرێت یان لە خۆ ببەسترێت.

دەربارەی ئەو کەسانەی داوای ئەنجامدانی خۆپیشاندان پێشکەش دەکەن زێباری وتی: ئەوانەی داوای خۆپیشاندانیان کردووە واتە لیژنەی رێکخەری خۆپیشاندان پێویستە ژمارەیان لە (٣) کەس کەمتر نەبێت و لە (٥) کەس زیاتر نەبێت و خاوەن شیانی یاسایی بن و بتوانن ئەرکی بەڕێوەبردنی و رێکخستنی خۆپیشاندان بگرنە ئەستۆ، و واژۆ لەسەر داواکە بکەن و مەبەست و رێگای رۆیشتن و کات و شوێنی خۆپیشاندانەکە دەستنیشان بکرێت و دوای وەرگرتنی رەزامەندی لایەنی پەیوەندیدار خۆپیشاندانەکە ئەنجام دەدرێت. ئەگەر بە هەر هۆیەک بێت داواکاری ئەنجامدانی خۆپیشاندان رەتکرایەوە لەلایەن وەزیر یان سەرۆکی یەکەی ئیداری ناوچەکە ، ئەوا لیژنەی رێکخستنی خۆپیشاندان بۆی هەیە تانە لە بڕیاری رەتکردنەوە بدات لەلایەن دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەکە لە ماوەی (٣) رۆژ لە مێژووی پێراگەیاندن و دادگاش پێویستە لە ماوەی (٤٨) کاتژمێر تانەکە یەکلایی بکاتەوە و بڕیارەکەش یەکلایی.

لە کاتی ئەنجامدانی خۆپیشاندانی بێ مۆڵەت بەپێی یاسای کارپێکراوەکان رێکاری یاسایی دەگرنە بەر لەوانەش بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندان بەبێ زیان گەیاندن بە خۆپیشاندەران و رێکاری مەدەنی بۆ پاراستنی بەرژەوەندی گشتی هەموو لایەک، سەرۆکی یەکەی ئیداری بۆی هەیە پاش راوێژکردن لەگەڵ لیژنەکە بڵاوە بە خۆپیشاندانەکە بکەن ئەگەر خۆپیشاندانەکە لە ئامانجی خۆی دەرچوو یان کاتی دیاریکراوی خۆی بەزاند و دەزگاکانی پۆلیس بەگوێرەی یاسا کارپێکراوەکان رێکاری یاسایی دەرهەق بە سەرپێچیکاران دەگرنە بەر.

رۆڵی پۆلیس و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ زۆر گرنگە لەکاتی ئەنجامدان خۆپیشاندانی ئاشتیانە سەبارەت بەم بابەتە زێباری ئەوەی خستە روو بەپێی یاساکە ئەرکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بریتییە لە پاراستنی ئاسایش و هێمنی بۆ هەرێمی کوردستان لە رێگای پابەندبوونیان بە یاسا پێکراوەکان و بەرگری کردن لە دامودەزگا فەرمییەکان لە سەرجەم هەرێمی کوردستان و پێویستە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دڵسۆزییان لە کارەکانیاندا رەنگ بداتەوە و بە بێلایەنی و بەپێی یاسا هەڵسوکەوت بکەن و رێز لە هەموو کەسێک بگرن بەبێ جیاوازی ئیتنی، پلەی کۆمەڵایەتی، ئایینی یان سیاسی.

سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان هەر سەبارەت بە رۆڵی پۆلیس وتی: هەر کاتێک کەسێک دەستگیر بکرێت بەپێی بڕیاری دادگا پاراستنی ئەو کەسە دەکەوێتە ئەستۆی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و پێویستە هەڵسوکەوتی مرۆڤانەی تەواو بەرامبەریان بگیرێتە بەر بێ ئەوەی هیچ جۆرە توندوتیژییەک یان کەم کردنەوەیەک لە کەسایەتی ئەو کەسە، لەلایەکی دیکەوە ئەگەر لە کاتی پێکدادانی نێوان خۆپیشاندەران و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ئەگەر بە هەر هۆیەک کەسێک باری تەندروستی تێکچوو یان بریندار بوو پێویستە هێزەکانی پۆلیس رێوشوێنی تەواو بگرنە بەر بۆ پاراستنی ژیانی ئەو کەسە و چارەسەر کردنی و رەوانە کردنی بۆ نەخۆشخانە. و ئەگەر بەرپرسی پۆلیس جا لە هەر ئاستێکدا بێت بڕیاری بەکارهێنانی هێز یان هەر کردەوەیەک بەدەر لە یاسا و رێنمایەیکانی کە تاوانی لێ بکەوێتەوە بەرامبەر بە خپیشاندەران، ئەوا کارمەندانی پۆلیس و ئاسایش بۆیان هەیە بڕیارەکە جێبەجێ نەکەن، بە بیانووی ئەوەی بڕیارەکە یاسایی نییە و لە نزیکترین دەرفەتدا بە نووسین لایەنی سەرووی خۆیانی لێ ئاگادار بکەنەوە.

سەبارەت بە سزادانی سەرپێچیکاران و ئەوانەی لە یاسا و رێنماییەکان لادەدەن، دیندار زێباری وتی: ئەگەر لە کاتی روودانی هەر سەرپێچییەکی یاسایی لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە دەست بەجێ رەوانەی بنکەی پۆلیسی سنووری خۆپیشاندانەکە دەکرێن و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ دەکرێتەوە و بەپێی یاسا کارپێکراوەکان دەدرێتە دادگا بە ئاگاداری و سەرپەرشتی داواکاری گشتی، هەروەها ئەگەر پۆلیس داوای لە خۆپیشاندەران کرد بڵاوە بکەن و ئەوانیش فرمانەکەیان جێبەجێنەکرد و سوور بوون لەسەری جێبەجێنەکردنی ئەوا دەزگاکانی پۆلیس بۆیان هەیە مۆرکی مەدەنی بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران بگرنە بەر و رێکاری یاسایی دەرهەق بە سەرپێچیکاران دەگیرێتە بەر،هەروەها ئەگەر خۆپیشاندانەکە لە ئامانج و مەبەستی دیاریکراوی دەرچوو و و ئاسایش و ئادابی گشتی تێکچوو بووە هۆی زیان گەیاندن بە سامانی گشتی و تایبەت، ئەوانەی بوونەتە هۆکاری ئەم زیانە قەرەبوو کردنەوەی ئەم زیانانەیان دەکەوێتە ئەستۆ بەپێی یاسا.

زێباری ئەوەشی خستە روو کە تەنیا خۆپیشاندەران لە سەپێچی کردن سزا نادرێن و لەم بارەوە وتی: لە هەر حاڵەتێکدا ئەگەر دەزگاکانی پۆلیس سەرپێچییان کرد و هێزیان بەکارهێنا دژی خۆپیشاندەران، ئەوا رێکاری یاسایی دژیان دەگیرێتە بەر بەپێی یاسا کارپێکراوەکان، لە لایەکی دیکەوە حکومەت پابەندە بە قەرەبوو کردنەوەی زیان لێکەوتووان کە لە ئەنجامی کاردانەوەی دەزگاکانی پۆلیس لە سنووری ئەرکی راسپێرداوی خۆیان روویانداوە ئەمەش بەپێی بڕیارێک دەبێت کە لە دادگای تایبەتەوە دەرچووبێت.

لە کۆتاییدا سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ئەوەی خستە روو کە هێزەکانی پۆلیس پێویستیان بە مەشقی زیاتر هەیە بۆ مامەڵە کردن لەگەڵ خۆپیشاندەران و لەم بارەوە وتی : بەپێی سوود وەرگرتن لە یاسای خۆپیشاندان و ئەو ئازادییەی بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لەم یاسایەدا دیاریکراوە تەنیا لە ماوەی ساڵی ٢٠١٦ نزیکەی (٥٠) خۆپیشاندانی جیاجیا لە شاری هەولێر ئەنجام دراوە لەلایەن قوتابیان و ماموستایان وڕۆژنامەنووسان و بەڵێندەران و چین و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگا کە داوای مافی رەوای خۆیان کردووە و لە هیچ یەکێک لە خۆپیشاندانەکان توندو تیژی لێنەکەوتۆتەوە و دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەت ئەرکی پاراستنی خۆپیشاندانەکانیان ئەنجامداوە، بەلام سەرەڕای ئەمەش هێزەکانی پۆلیسی چالاکە مەدەنییەکان پێویستیان بە خولی راهێنانی بەردەوان هەیە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی توانایی و لێهاتوویی کارمەندانیان و زیاتر بەهێزکردن و رۆشنبیرکردنیان لەرووی بەکارهێنانی شێوازی یاسایی و دیموکراتیانە بەرامبەر بە خۆپیشاندان و بەهێزکردنی توانای جەستەییان بۆ ئەوەی بتوانن هێمنی و سەقامگیری لە کاتی خۆپیشاندانەکان و سەر و ماڵی هاووڵاتیان و دامودەزگاکانی حکومەت بپارێزن
payamner-
Top