سەفین دزەیی: یاسای بودجەی عێراق بەھیچ شێوەیەک سوود بە ھەرێم ناگەیەنێت و رەتیدەکەینەوە

سەفین دزەیی: یاسای بودجەی عێراق بەھیچ شێوەیەک سوود بە ھەرێم ناگەیەنێت و رەتیدەکەینەوە



گوتەبێژی فەرمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی لە ھەڤپەیڤینێکی لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لە پەسەند کردنی بوودجەی ساڵی ٢٠١٧ گشتی عێراق کردو گوتی: "بەداخەوە ئەو بەشە بوودجە کەمەی بەغدا بەسەر ھەرێمی کوردستانیدا سەپاندووە بەشی دابینکردنی بوودجەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان ناکات، بۆیە یاسای بوودجەی ساڵی ٢٠١٧ بەھیچ شێوەیەک سوود بە ھەرێمی کوردستان ناگەیەنێت و رەتیدەکەینەوە، لە پێناو بەرژەوەندی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان حکوومەتی ھەرێم داوا لە حکوومەتی عێراق دەکات بە شێوەیەکی باشتر مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بکات".



سەفین دزەیی گوتیشی: "لە دووی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٤دا رێککەوتنی حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی عێراق لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسەند کرا و دواتر بوو بە بەشێک لە یاسای بوودجە ٢٠١٥، بەڵام حکوومەتی عێراق لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٤ و سەرەتای ساڵی ٢٠١٥وە نەک تەنھا پابەندی رێککەوتننامە ئابوورییەکان نەبووە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان، بەڵکو بوودجە و مووچەی خەڵکی کوردستانیان بڕی، حکوومەتی ھەرێم تا کۆتایی بەشی یەکەمی ساڵی ٢٠١٥ پابەندی رێککەوتن بوو لەگەڵ بەغدا و نەوتی ھەرێممان رادەستی بەغدا کرد، کەچی بەداخەوە بەغدا پابەندی رێککەوتنەکە نەبوو، ئێستایش بە ھەمان شێوە ھیچ گەرەنتییەک نییە بۆ پابەندبوونی بەغدا بە رێککەوتنەکان لە رووی ئابوورییەوە لەگەڵ ھەرێم".



گوتەبێژی فەرمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، نەیشاردەوە کە پەیوەندی نێوان ھەولێر و بەغدا جێگیر نەبووە و گوتی: "پەیوەندی نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق ھەمیشە باشی و خراپی بەخۆیدا بینیوە، بەڵام ئێمە لەبەر ئەوەی بەشێکین لە عێراق پێویستە لە ھەوڵەکانمان بەردەوام بین بۆ ئەوەی دانوستاندن و رێککەوتنی بەردەوام ھەبێت لە نێوان ھەردوولا، بەڵکو دەرەنجام بگەین بە رێککەوتنێکی باش کە لە بەرژەوەندی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان بێت".



سەفین دزەیی ئاماژەی بەوەدا کە پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا پێشوەچوونیان بەخۆیان نەبینیوە، ئەگینا حکوومەتی عێراق بەبێ بوونی ھیچ کێشەیەک پایەندی رێککەوتنی سەربازی بووە لەگەڵ ھەرێم. لە چوارچێوەی رێککەوتنە سەربازییەکانیشەوە سوپای عێراق توانیان بە ناو خاکی کوردستان بچنە ناوچەکانی دەورووبەری مووسڵ بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی شارەکە، بەھۆی رێککەوتنە سەربازییەکەوە لە ئێستاشدا ھەماھەنگییەکی باش لە نێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق ھەیە".



گوتەبێژی فەرمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتیشی: "لەو قۆناغەی ئێستا ھەرێمی کوردستان و عێراق پێیدا گوزەر دەکەن، ئەولەویەت ئەوەیە داعش لەناو بچێت، دوای نەمانی داعش پێ دەچێت گۆڕانکاری دیکە بێتە ئاراوە لە نێوان حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی عێراق، ھیوادارین پەیوەندییەکانمان بەرەو باشتر ھەنگاو بنێت، چونکە لە بەرژەوەندی ھەولێر و بەغدایە پەیوەندی و ھەماھەنگییەکان لە ئاستێکی باشدا بن".



گوتەبێژی فەرمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی لە بەشی دووەمی ھەڤپەیڤینەکەی لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو بە گرنگییەوە باسی لە پەیوەندی نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا کرد و گوتی: "ھەرێمی کوردستان لە کۆنەوە لەگەڵ تورکیا پەیوەندی ھەبووە، پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا لە ساڵی ١٩٩١ تا ساڵی ٢٠٠٣ لەبەر دۆخی سیاسی ناوچەکە و ھەبوونی دەسەڵاتی رژێمی بەعس لە عێراق بە جۆرێکی تایبەت بووە، بەڵام لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا ئەم قۆناغە تایبەتەی تێپەڕاند و بەرەو قۆناغێکی گرنگتر ھەنگاوی نا".



سەبارەت بە کردنەوەی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تورکیا، سەفین دزەیی گوتی: "تورکیا رەزامەندی خۆی دەربڕیوە نوێنەرایەتی فەرمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئەنقەرە بکرێتەوە، چەندین جاریشە داوای کردووە کە نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەست بەکار بێت لە تورکیا، بەڵام بەداخەوە بەھۆی ئەو قەیرانە داراییە سەختەی رووی لە ھەرێمی کوردستان کردووە لە تواناماندا نەبووە تا ئێستا نوێنەرایەتی فەرمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تورکیا بکەینەوە، ئەگەر ئەو قەیرانە داراییە نەبووایە ھەموو کارەکانمان تەواو کردووە تەنھا ماوە کاتێک دەست نیشان بکەین بۆ رێوەڕەسمی کردنەوەی نوێنەرایەتی فەرمی حکوومەتی ھەرێم لە تورکیا".



سەفین دزەیی تیشک دەخاتە سەر گرنگی کردنەوەی نوێنەرایەتی فەرمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تورکیا و دەڵێت "کردنەوەی نوێنەرایەتی فەرمی حکوومەتی ھەرێم لە ئەنقەرە زۆر گرنگە بۆ پەرەپێدان بە پەیوەندی نێوان ھەرێم و تورکیا، گرنگی تایبەتی دەبێت ھەم لە رووی سیاسی و ھەمیش لە رووی ئابوورییەوە، تورکیا کارەکانی خۆی تەواو کردووە بۆ کردنەوەی نوێنەرایەتی فەرمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەوەی ماوە ئامادەکاری زیاتری حکوومەتی ھەرێمە بۆ ئەوەی نوێنەرایەتییەکی بەرچاو و سەرکەوتووانە بکاتەوە".
payamner-
Top