یەکێتی داوایەکی تایبەت بە کۆبوونەوەکان لە گۆڕان دەکات
ئەمڕۆ یەکشەممە 18\12\2016، جەمال یوسف بۆتانی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لێپرسراوی پێشووی مەڵبەندی چواری بادینیانی یەکێتی، ڕایگەیاند: “لەئاستی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، داوا لە بزووتنەوەی گۆڕان کراوە، نەرمی بەرانبەر بە شاندەکەی پارتی دیموکراتیی کوردستان و لە میانی گفتوگۆکاندا بنوێنێت، بۆیە ئێستا گوتاری گۆڕان جۆرێک لە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە”.
ئەوەشی ڕوون کردەوە: "چاوەڕوان دەکەین گۆڕنکاری لە پەیوەندیی حزبەکاندا بێت و کۆبوونەوەی حزبەکان بە ئیجابی لەقەڵەم دەدرێت". بە گوتەی ئەو، لەنێو یەکێتیدا هەوڵی جددی هەیە بۆ ئەوەی ئاراستەی گفتوگۆکان سەرکەوتوو بێت.
بڕیارە سبەی دووشەممە 19\12\2016، شاندێکی باڵای پارتی دیموکراتیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی فازل میرانی، سەردانی شاری سلێمانی بکات و لەگەڵ مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان کۆبوونەوە ئەنجام بدات.
باسنیوز
