نەوزاد هادی دژایەتیی خۆی بۆ ڕادەستکردنی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان بە بەغدا ڕاگەیاند
ئەمڕۆ یەکشەممە 18\12\2016، نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر، لە میانی وتەیەکیدا کە لە کەرنەڤاڵی قوتابییانی هەردوو زانکۆی سەڵاحەدین و زانکۆی پۆلیتەکنیکیی هەولێر پێشکەشی کرد، ڕای گەیاند: ”کێشەکانی کوردستان لە کوردستان چارەسەر دەکرێن، نا بۆ ڕادەستکردنەوەی سەروەری و دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان بە بەغدا“.
بە پێویستیشی زانی، لایەنە سیاسییەکان، لە کوردستاندا کۆببنەوە و ”بە یەک ئیرادەی بەهێز، کێشەکان کێشەکان چارەسەر بکەن“. گوتیشی: ”ناکرێت میللەتێک ئەو هەموو خەباتەی کردووە، دووبارە بچێتەوە بەردەستی ئاغاکەی تا بەڕێوەمان ببات“.
لە کۆتایی قسەکانیشیدا لەبارەی سەربەخۆیی کوردستان، نەوزاد هادی ڕای گەیاند: ”خەڵکی کوردستان شایستەی سەربەخۆیین، خۆڕاگربوون و هەنگاوی مرۆڤایەتییان هەڵگرتووە. ئەم ئاڵایە بە خۆشەویستیی گەنجان، هەر بە سەربەرزی دەمێنێتەوە“.
ئەمە لەکاتێکدایە کە لەم ماوەیەی دواییدا، هەندێک لایەنی سیاسی بە بیانووی مووچەی فەرمانبەران، هەوڵی بەپارێزگاکردنی سلێمانی لەلایەک و مامەڵەکردنی ڕاستەوخۆی بەغدا لەگەڵ پارێزگای سلێمانی و دهۆک لەلایەکی دیکەوە دەدەن.
باسنیوز
