ئەمەریکا لە پێشێلکارییەکانی پەکەکە له‌ سنوونێ ئاگادار کرایەوە..٨ هەزارخێزان گەڕاونەتەوە

 ئەمەریکا لە پێشێلکارییەکانی پەکەکە له‌ سنوونێ ئاگادار کرایەوە..٨ هەزارخێزان گەڕاونەتەوە
بەڕێوەبەری شارەدێی سنوونێ دەڵێ، لە ئێستادا ٨ هەزار خێزان گەڕاونەتەوە سنوونێ؛ شاندێکی ئەمەریکایش سەردانی ناوچەکەیان کردووه‌ و لە پێشێلکارییەکانی پەکەکە ئاگاداریان کردوونەتەوە.



به‌ڕێوبه‌رى شاره‌دێى سنوونێ (نایف سه‌یدۆ) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، ''تا ئێستا ٨ هەزار خێزان گەڕاونەتەوە سنوونێ، هه‌ڵبه‌ت خەڵک كه‌ بەتەواوەتی نەگەڕاوەتەوە و هۆکارەکەی ئەوەیه‌ کە دەڵێن ترسمان هەیە پەکەکە منداڵەکانمان بڕفێنێت.''



(سەیدۆ) دەشڵێ، شاندێکی ئەمەریکا و کۆنسووڵی گشتییان لە هەولێر سەردانی شارەدێی سنوونێیان کردووە و لە بارودۆخی ناوچەکە گەیشتوون، ''ئیمە پرسی ئاوادەنکردنەوەی ناوچەکە و بودجەمان بۆ شیی کردنەوە و ئاگادارمان کردنەوە کە بەغدا بودجەمان ناداتێ؛ پێوەست بە نەگەڕانەوەی تەواوی خەڵک بۆ ناوچەکەش پێمان گوتن کە هۆکار پەکەکەیە کە بە ئۆتۆمبێلی بێ تابلۆ دەسوڕێنەوە و خەڵک دەڕفێنن، ئاژاوە دەنێنەوە و بوونیان لە ناوچەکەدا نادەستوورییە و پشێوی ده‌نێنه‌وه‌، شاندەکە تەواوی تێبینی و سەرنجەکانیان تۆمار کرد.''



جێی ئاماژەیە، سنوونێ سەر بە شارۆچکەی شنگالە و ٢٥ کم لێوەی دوورە، بەرلەوەی داعش هێرش بکاتە سەر سنوونێ، تێکڕای ژمارەی دانیشتووانەکەی ٢٤ هەزار خێزان بوو، دوای ئه‌وه‌ش کە هێزەکانی پێشمەرگە سنوونێیان ئازاد کردەوە، ئێستا ٨ هەزار خێزان بۆی گەڕاونەتەوە.
kdp-
Top