‌گۆڕان گفتوگۆ لەگەڵ شاندی پارتی تاوتوێ دەكات

 ‌گۆڕان گفتوگۆ لەگەڵ شاندی پارتی تاوتوێ دەكات
بزووتنەوەی گۆڕان لەبارەی كۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆدەبێتەوە.

بڕیارە ئەمڕۆ جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی کۆببێتەوە و گفتوگۆ لەسەر پێشنیاز و بۆچوونەكانیان بكەن دەربارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان كە بڕیارە لەم ھەفتەیەدا شاندی پارتی لە سلێمانی لەگەڵ شاندی گۆڕان و یەكێتی لەبارەی پەیامەكەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان وەك دەستپێشخەری بۆ چارەسەری كێشەناوخۆییەكان كۆببێتەوە.

بە گوێرەی زانیارییەكان لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا بزووتنەوەی گۆڕان پاكێجێك بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و گفتوگۆكردن لەگەڵ شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادە دەكات و بۆچوونی بزووتنەوەكە لەبارەی گۆڕانكارییەكان لە دامەزراوەكانی ھەرێمی كوردستان لەو پاكێجەدا دەخاتەڕوو.

لە 20/11/2016، مەسعوود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە پەیامێکیدا بۆ لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان، داوای کرد لایەنە سیاسییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەناوخۆییەکانی گفتوگۆ بکەن، بارزانی داواشیکرد گفتوگۆ لەبارەی گۆڕانکاری لە سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان و پەرلەمانی و حکوومەت بكەن.

دوای پەیامەكەی بارزانی پارتی دیموكراتی كوردستان وەك دەستپێشخەری شاندێكی بۆ گفتوگۆ كردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان پێكھێنا و گەرێكی دیكەی كۆبوونەوەی لەگەڵ حزبەكان دەستپێكرد، تا ئێستا شاندی پارتی لەگەڵ زۆربەی لایەنكان كۆبووەتەوە و بڕیارە رۆژی دووشمەی داھاتوو سەردانی شاری سلێمانی بكات و لەگەڵ شاندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان كۆببێتەوە.
k24 -
Top