فه‌رمانده‌یه‌كی عێراقی: شوێنی ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی ده‌زانین
لیوا فازڵ به‌رواری فه‌رمانده‌ی هێزی ئاڵتونی عێراق ئاشكرای كرد، زانیاری ته‌واومان له‌سه‌ری ئه‌بوبكر به‌غدادی هه‌یه، ئێستاش شوێنی ده‌زانرێت كه له‌شارۆچكه‌ی به‌عاجه له خۆرئاوای موسڵ و شوێنی مانه‌وه‌ی له‌ژێر زه‌ویدایه، وتیشی، دوو هه‌زار و 330 ته‌رمی چه‌كدارانی داعش له‌به‌رده‌ستی ئێمه‌دایه.
لیوا فازڵ به‌رواری فه‌رمانده‌ی هێزی ئاڵتونی عێراق له گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ ماڵپه‌ڕی نقاس رایگه‌یاند، قۆناغی گرنگمان بڕیوه‌و سه‌ره‌ڕای پاككردنه‌وه‌ی ناوچه‌یه‌كی به‌رفراوان تائێستا دوو هه‌زار و 330 ته‌رمی چه‌كدارانی داعش له‌به‌رده‌ستی ئێمه‌دایه‌و چه‌ندین تانك‌و كه‌لوپه‌ل گیراون.
به‌رواری وتیشی، ئه‌گه‌ر خه‌ڵكی مه‌ده‌نی تێدا نه‌بوایه پرۆسه‌ی ئازادكردنه‌وه‌ی موسڵ ئه‌وه‌نده زه‌حمه‌ت نه‌ده‌بوو، چونكه ئه‌و كات پرده سه‌ره‌كییه‌كانمان دهگرتو شاره‌كه‌مان پاكده‌كرده‌وه، تا ئێستا زیاتر له‌بیست گه‌ڕه‌ك ئازاد كراوه‌و پێشڕه‌ویش به‌رده‌وامه، به‌ڵام رێگای هه‌ڵاتن له‌داعش نه‌گیراوه‌و ده‌توانن بڕۆن.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردوه، له‌و ناوچانه‌ی ئازادمانكردوون 700 هه‌زار مه‌ده‌نی له‌ماڵه‌كانی خۆیانن‌و له‌ژێر ده‌ستی ئێمه‌دان، به‌سه‌لامه‌تی دهژینو وه‌زاره‌تی كۆچ‌و چه‌ندین رێكخراو خۆراك‌و پێداویستییه سه‌ره‌كییه‌كانیان پێده‌گه‌یه‌نن.
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌س موسڵ ئازاد ده‌كرێت، به‌رواری ده‌ڵێت، ناتوانین كات دیاریبكه‌ین، چونكه به‌ده‌ستی ئێمه‌یه نییه، به‌ره‌و پێشچوون له‌سه‌رخۆیه بۆ ئه‌وه‌ی زیانی زۆر نهدهینو خه‌ڵكی مه‌ده‌نی نه‌بنه قوربانی، زۆر مه‌به‌ستمانه ناووناوبانگی هێزی ئاڵتوونی بپارێزین‌و تاكه یه‌ك هاوڵاتیش به‌ده‌ستی ئێمه زیانی پێنه‌گات.
له كۆتاییدا ئه‌وه‌ی خسته‌روو، ئه‌بوبكر به‌غدادی به‌ر له ده ساڵ لای ئێمه به‌ند كرابوو دواتر ئازاد كراوه، بۆیه زانیاری ته‌واومان له‌سه‌ری هه‌یه، ئێستاش شوێنی ده‌زانرێت كه له‌شارۆچكه‌ی به‌عاجه له خۆرئاوای موسڵ و شوێنی مانه‌وه‌ی له‌ژێر زه‌ویدایه، هه‌رچه‌نده لهجموجۆڵی به‌رده‌وامدایه‌و زوو زووش شێوه‌ی خۆی ده‌گۆڕێت، وه‌ك تاشینی ریشیو ده‌ستكاری كردنی روخساری له‌ڕێی نه‌شته‌رگه‌رییه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی نه‌ناسرێته‌وه
payamner-
