رۆژی ئاڵا به‌رز راگیرا

رۆژی ئاڵا به‌رز راگیرا

ئەمڕۆ شەممە ڕێكەوتی (17ی كانوونی یەكەمی 2016)ی زایینی و لە پایتەختی هەرێمی كوردستان و بە ئامادەبوونی (د. پشتیوان سادق) وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لە قوتابخانەی ڕێناسی بنەڕەتی یادی ڕۆژی ئاڵای كوردستان كرایەوە.
سەرەتا و پاش هەڵدانی ئاڵای كوردستان و سرودی نیشتمانی ئەی ڕەقیب، وەزیری پەروەردە وتەیەكی پێشكەش كرد و گوتی: "ئەو ئاڵایەی كە هێمای میللەتی كوردە و بۆ یەكەم جار و لە (۱۷ی كانونی یەكەمی ساڵی ۱۹٤۷) لە مەهاباد و لەسەر دەستی جەنابی (قازی محەمەد) و بە ئامادەبوونی (ژەنەڕاڵ بارزانی) هەڵدراوە و سەرەڕای هەموو نەهامەتییەكان شەكاوە ماوەتەوە و ئێستا هێزی پێشمەرکەی قارەمان دەیپارێزێت."

وەزیری پەروەردە سڵاوی لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان كرد كە ئێستا و هەمیشە پارێزەری ئاڵای كوردستان بووە و هەر ئەم هێزەیە كە ئێستا بەرگرییەكی لە خاكی كوردستان دەكات و دژی تیرۆریستان دەجەنگێت.
"ئێمە لە وەزارەتی پەروەردە هەمیشە و سەرەڕای گرنگیدانی تەواو بە وانە زانستییەكان، پێداگری لەسەر بەها نیشتمانییەكان و خۆبەختكردن و پرسی نەتەوەیی دەكەینەوە و قوتابیانمان لەسەر ئەو بنەمایە پەروەردە دەكەین".
هەروەها دكتۆر پشتیوان سادق سوپاسی مامۆستایانی كرد و گوتی: "زۆر سوپاسی ئەو مامۆستایانە دەكەم نەیانهێشتووە منداڵەكانمان بێبەش بن لە خوێندن و وەزارەتی پەروەردە و حكومەتی هەرێم قەرزارباری ئێوە بەڕێزانە لە هەرشوێنێكی هەرێم كە وانەیان گوتەوە و دەرگای قوتابخانەكانیان دانەخست".
لە كۆتاییدا وەزیری پەروەردە باسی لەوە کرد كە رۆژ و یادی ئاڵا دەرفەتێكە بۆ نوێكردنەوەی پەیمانی وەفا بە خوێنی شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاری و سەربەخۆیی كوردستان و ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی كە ئێستا سینگیان كردووەتە قەڵغانی پاراستنی نیشتمان لە دەست خوێنڕێژترین دوژمنی مرۆڤایەتی.

payamner-
Top