لە میحوەری خازر ڕێوەڕەسمی شەهیدبوونی پۆلێک پێشمەرگە بەڕێوەچوو
سەروان هەركی، برای شەهیدی فەرماندە مەغدی هەركی، ڕایگەیاند:"بە بۆنەی ساڵڕۆژی ئاڵای كوردستان و یەكەمین ساڵڕۆژی شەهیدبوونی فەرماندە عەمید "مەغدی هەركی" بەیانی ئەمڕۆ شەممە، قوتابیان و مامۆستایانی قوتابخانەی بەستۆرەی كچان و بەستۆری كوڕان، لەگەڵ ژمارەیەكی تر لە ڕێكخراو كەسایەتی تر لە چالاكییەكدا تاجەگوڵینەیان لەسەر گڵکۆی شەهیدی فەرماندە مەغەدی هەركی دانا".
هەروەها گوتی: "هەر ئێوارەی ئەمڕۆ لە ناو سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە چیای زەرتک لە میحوەری خازر، بە ئامادەبوونی خانەوادەی شەهیدان و فەرماندە و پێشمەرگەكانی سووپای 5، ڕێورەسمی ساڵڕۆژی شەهیدبوونی شەهیدی فەرماندە عەمید "مەغدی هەركی" و 8 شەهیدی دیكە بەڕێوەچوو، كە تێدا وێنەی شەهیدان نمایشكران".
گوتیشی:"ئامانج لە نمایشكردنی وێنەی شەهیدەكان و بەڕێوەچوونی ئەو ڕێورەسمە ئەوەیە، كە بە پێشمەرگەكان بڵێین دوای شەهیدبوونیشتان لە بیر ناكرێن".
ڕۆژی 16ی كانوونی یەكەمی 2015 ، فەرماندە مەغدی هەركی و پۆلێكی تر لە هاورێیانی لە ڕووبەڕووبوونەوەیەكدا لە گەڵ چەكدارانی داعش لە چیای زەرتك شەهیدبوون.
باسنیوز
