”حکوومەتی عێراق 3 ملیۆن لیتر نەوت بۆ هەرێمی کوردستان ڕەوانە دەکات
ئەمڕۆ شەممە 17\12\2016، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا، دەرباز محەمەد، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ڕای گەیاند، حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ بڕیاریداوە 3 ملیۆن لیتر نەوت ڕەوانەی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بکات، لەو بڕەش، ملیۆنێک لیتر نەوتی سپی بۆ پارێزگای سلێمانی بنێرێت و لە ئایندەیەکی نزیکدا نەوتەکە دابەش دەکرێت. هاوکات لە وەڵامی پرسیارێکیدا کە ئایا هیچ بڕێک نەوت بۆ هەولێر و دهۆک ڕەوانە دەکرێت، ئەوەی ڕوون کردەوە کە ملیۆنێک لیتر بۆ هەولێر و ملیۆنێکی دیکەش بۆ پارێزگای دهۆک ڕەوانە دەکرێت.
لەلایەن خۆشیەوە سەردار قادر، لە بری پارێزگاری سلێمانی، ئاشکرای کرد، پارێزگاکە پێویستی بە 104 ملیۆن لیتر نەوتی سپی هەیە. گوتیشی: ”مانگی پێشوو لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان پێیان گوتووین کە ئەوان ناتوانن نەوتی سپیمان بۆ بنێرن، وەزارەتی داراییش هاوکاریمان ناکات، بەڵکو پارێزگاکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نەوتی سپی سەرپشک کراون. پێشتر ڕێککەوتن کرابوو کە بڕی 30 ملیۆن لیتر نەوت بۆ سلێمانی بنێردرێت، بەڵام ڕۆژانە چەند تانکەرێک دەهات، هێشتا 30 لیترەکە بە تەواوی نەهاتووە، هەوڵەکانمان بەردەوامە و پێویست بێت لەگەڵ پارێزگاری هەڵەبجە و سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان سەردانی چەند شوێنێک دەکەین“.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەوڵدان بۆ ئەوەی لە ڕێگەی پارێزگای کرماشانەوە بڕێک نەوتی سپی بۆ دەڤەری سلێمانی بنێردرێت.
باسنیوز
