لە ئیتعلاعاتی سەقز مێرمنداڵێکی کورد بە توندی ئەشکەنجە کراوە
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی (هەنگاو) لاوێكی تەمەن 17 ساڵەی خەڵکی سەقز کە وێنەیەکی "د. عەبدولڕەحمان قاسملوو"ی لەسەر ملی تاتۆ کردبوو، پاش 10 ڕۆژ ئەشکەنجە بە نیوە گیانی ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە.
تەها هەمزەیی، تەمەن 17 ساڵ، کەلە شاری سەقز شاگردی فیتەر بووە، دوو هەفتە لەمەوبەر و لە کاتی کارکردن لە دووکان لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوو.
بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، رۆژی چوارشەممەی ڕابردوو یەکێک لە بەرپرسانی ئیتلاعاتی سەقز بە باوکی تەها هەمزەیی ڕاگەیاندووە: "تەها هەندێک تەمبێ کراوه کە ببێتە وانەیەک بۆ خەلکانی دیکە".
یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی هەمزەیی رایگەیاندووە: "هەنووکە تەها بەهۆی ئازار و ئەشکەنجەی هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە زۆربەی ئەندامانی لەشی رەوش بوونەتەوە و توانای جووڵەکردنی نییە."
پێشتر ژمارەیەک لە چالاکوانانی کورد وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆیان، لەمەڕ ئەشکەنجەدانی لەڕادەبەدەری ئەو مێرمنداڵە، ناڕەزایەتیی خۆیان لەمەڕ دەستبەسەر کردنی ئەو لاوە کوردە دەربڕیبوو.
باسنيوز
